ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتی، لە ڕێگەی ناردنی کورتەنامەیەکەوە بۆ تەلەفۆنی مۆبایلی هاووڵاتییان، هەڕەشەی توند لەو کەسانە دەکات کە بەشدارن لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکاندا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لەم کورتەنامەیەدا کە بە ناوی «ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا» بڵاو کراوەتەوە، ناڕەزایەتییەکانی شەقام بە «پێشەکیی هێرشی سەربازی» لە قەڵەم دراوە. دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەکارهێنانی ئەم جۆرە پەیامانەیان بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەکار هێناوە.
لە پەیامەکەدا بە زمانێکی هەڕەشەئامێز هاتووە، ئەو کەسانەی کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارن، بە «داعشیی نوێ» و «بێنیشتمان» ناویان بردوون و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە سزایەکی توندتر لە ڕووداوەکانی ١٨ی بەفرانبار چاوەڕوانی ئەوانە دەکات. هەروەها، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا لەم کورتەنامەیەدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە لە بەرژەوەندیی دەزگا ئەمنییەکاندا کار بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، هانی خەڵکی داوە کە بەردەوام بن لە پێدانی زانیاری و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی ژمارە تەلەفۆنەکانی ١١٠ (پۆلیس)، ١١٣ (وەزارەتی ئیتلاعات) و ١١٤ (ئیتلاعاتی سپای پاسداران).
ئەم هەنگاوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان لە ناوخۆی ئێران بەردەوام ڕووبەڕووی گوشار، دەستبەسەرکردن و هەڕەشەی بەرفراوان دەبنەوە بە ئامانجی کپکردنی هەر جۆرە دەنگێکی ناڕازی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دەسەڵات.