داواکاری گشتیی شاری پاوە، سەبارەت بە هاتووچۆکردن لە ناوچە سنوورییەکان، هۆشدارییەکی توندی دایە کۆڵبەران.
هادی نەزەری، داواکاری گشتیی پاوە، ڕۆژی سێشەممە گوتوویەتی، بەهۆی ئەو بارودۆخە ناسکە ئەمنییەی کە لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەم دوایییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هاتۆتە کایەوە، هەموو جۆرە هاتووچۆیەک لەسەر سنوورەکان ڕاگیراوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە هەرکەسێک ئەم بڕیارە پێشێل بکات، ئەوا بەپێی ماددەی ٤٧٣ی یاسای سزاکانی ئیسلامی، بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو دەکەوێتە ئەستۆی خۆی.
جێی ئاماژەیە، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیرانەوە، بارودۆخی سنوورەکانی کوردستان ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و زۆرێک لە کۆڵبەران ناچار کراون دەستبەرداری کارەکانیان بن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆڵبەری، تاکە سەرچاوەی بژێویی هەزاران خێزانی کوردە لە ناوچەیەکدا کە بەرزترین ڕێژەی بێکاریی لەسەر ئاستی ئێران هەیە.
داخرانی سنوورەکان بەبێ دۆزینەوەی هیچ بەدیلێکی ئابووری، قەیرانی بژێویی بۆ کۆڵبەران قووڵتر کردۆتەوە و ژیانیانی خستۆتە بارێکی دژوارەوە. شایەنی باسە، ساڵانە دەیان کۆڵبەر لەم کارە سەخت و پڕمەترسییەدا گیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن، نوێترینیشیان خالید محەممەدی، گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵان بوو کە ئەمڕۆ لە سنووری بانە گیانی سپارد.