ئێران هاتووچۆکردن لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان قەدەغە دەکات.
rojhelatnews
هێزی پاسەوانی سنووریی ئێران، لە بڕیارێکی توند و بەپەلەدا، هاتووچۆکردنی لە سەرجەم هێڵە سنوورییەکانی سەر بە شاری مەریوان بە تەواوەتی قەدەغە کرد. ئەم ڕێکارە نوێیە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و کۆڵبەران دەگرێتەوە و بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە هۆشدارییان داوە کە هەرکەسێک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و پەرچەکردارێکی سەربازی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.
ئەم هەنگاوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، درێژکراوەی زنجیرەیەک ڕێکاری توندی ئەمنییە کە لە دوو مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە و سەوڵاواش پەیڕەو کراون. شارەزایانی کاروباری ئەمنی ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران لە ئێستادا دۆخێکی هەستیاری سەربازیی تێپەڕ دەکات. هۆکاری سەرەکیی ئەم توندوتۆڵکردنەی سنوورەکان، نیگەرانیی قووڵی فەرماندەییی سەربازیی ئێرانە لە ئەگەری کەڵک وەرگرتنی هێزە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخە هەرێمییەکان. تاران بەم ڕێکارانە دەیەوێت پێش بە هەر ئەگەرێکی پەرەسەندنی ململانێکان و کردنەوەی بەرەیەکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵە سنوورییەکان بگرێت.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە سەبارەت بە ماوەی بەردەوامیی ئەم قەدەغەکارییە نەدراوە، بەڵام دۆخی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزی ئامادەباشیی ئەمنیدا دەمێنێتەوە.
10 کاتژمێر و 34 خولهک لهمهوپێش