سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، بەهمەن خدری، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی گوندی «ماڵتە» سەر بە شاری بانە، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوورەکانی ئەو ناوچەیە گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، هێزە نیزامییەکان بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارییەکی پێشوەختە و لە کاتێکدا ناوبراو سەرقاڵی کار و بژێوی ژیانی بووە، ڕاستەوخۆ دەستڕێژی گوللەیان لێ کردووە و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی سپاردووە.
بەهمەن خدری، گەنجێکی خێزاندار بووە و خاوەنی دوو منداڵە؛ بەداخەوە منداڵی بچووکی ناوبراو تەنها دوو هەفتە تەمەنیەتی و هێشتا بەشێک نەبووە لەو کارەساتە دڵتەزێنەی بەسەر بنەماڵەکەیدا هاتووە. کوژرانی ئەم کۆڵبەرە گەنجە لە کاتێکدایە کە ساڵانە دەیان هاووڵاتیی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی توندوتیژی و تەقەی بێسەروشوێنی هێزە ئەمنییەکانەوە دەبنە قوربانی.
ئەم ڕووداوانە جارێکی دیکە پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کوشتنی بێدادگایانەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە سنوورەکان دەخاتەوە بەر باس، کە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و هەژاریی زۆرەوە، ناچارن پەنا بۆ کارە سەخت و پڕمەترسیی کۆڵبەری ببەن. تا ئێستا بەرپرسانی ناوچەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەم کردەوە کوشندەیە نەداوە و بنەماڵەی قوربانییەکەش لە دۆخێکی دەروونیی نالەباردا، چاوەڕێی وەڵام و لێپرسینەوەن.