لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە، دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران و تەقینەوەی مینی بەجێماو، بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، شەوی سێشەممە، ١٣ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی «گۆران خدری»، خەڵکی گوندی «نیزەڕۆ»ی بانە، لە سنووری «هەنگەژاڵ» کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە چەکدارەکانی ئێران. ناوبراو لە ئاکامی ئەو دەستدرێژییەدا لە بەشی ڕانیدا بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی «سەلاحەدینی ئەیووبی»
لە شاری بانە کراوە. لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی «بەختیار ئەمینی»، خەڵکی گوندی «دۆسینە»، لە هەمان ناوچەی سنووری بە هۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، تووشی ڕووداو بوو. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆڵبەرە لە بەشی قاچیدا بە سەختی بریندار بووە. هەردوو بریندارەکە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە لەژێر چاوەدێریی وردی پزیشکیدان.
شایانی باسە، ناوچە سنوورییەکانی بانە بە هۆی بوونی مینی چێندراو و بەکارهێنانی توندوتیژیی بێسنوور لە دژی کۆڵبەران، هەمیشە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر گیانی کاسبکارانی ناوچەکە دروست دەکات و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران لەو ڕێگەیەدا گیان لە دەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن.