ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 7ی خەرمانان مەهدی زانا، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد و سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئامەد بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە کۆچی دوایی کرد.
مەهدی زانا کە ماوەیەکی زۆر بوو بەدەست نەخۆشیی سییەکانەوە دەیناڵاند، لە ١٤ی ئابدا بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەتی «گێنیسیس» لە ئامەد و خرایە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی پزیشکان، پاش ١٥ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی یەکشەممە ٣٠ی ئاب، تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی «یەنیکۆی» لە شاری ئامەد بەخاک بسپێردرێت.
ا مەهدی زانا لە ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچکەی فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد لەدایکبووە. ناوبراو لەنێوان ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨٠ وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد ئەرکی بەڕێوەبردنی شارەکەی پێ سپێردرا. زانا یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەر و دیارەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان، کە پاش کودەتای سەربازیی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دەستگیر کرا و بۆ ماوەیەکی درێژ لە زیندانی بەناوبانگی ئامەددا زیندانی کرا.
ناوبراو جگە لە چالاکییە سیاسییەکانی، وەک نووسەرێکیش ناسراوە و کتێبی «چاوەڕوانبە دیاربەکر»-ی یەکێکە لە دیارترین بەرهەمەکانی، کە تێیدا بە وردی باسی ئەزموونی تاڵ و نەهامەتییەکانی زیندان دەکات. مەهدی زانا هاوژینی سیاسەتڤانی بەناوبانگ لەیلا زانایە و دوو منداڵیشی بە ناوەکانی «رووکەن» و «رۆنای» لێ بەجێ ماوە.