لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکاری و پەلاماری بەردەوامی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاکوانان و هاووڵاتییانی کورد، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی ورمێ و مەهاباد دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، لە هەڵمەتێکی توندوتیژ و پڕ لە ترس و تۆقاندندا، هەردوو مامۆستا «ئەبوبەکر یووسفی» و «یوونس مووساپوور»یان دەستبەسەر کردوون.
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراوان بە زەبروزەنگ ڕفێنراون و بۆ گرتووخانەی تایبەتی ئەو دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ گواستراونەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری مەهاباد، هێزە حکوومییەکان هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیان بە ناوی «سەردار ئوستاد ئەحمەدی» دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکان لەم بارەیەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئەم شەپۆلە نوێیەی گرتن و ڕاوەدوونانە لە کاتێکدایە کە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بەردەوامن لە دروستکردنی کەشێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ترس لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا، بە مەبەستی کپکردنی هەر جۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی و چالاکییەکی مەدەنی.
.