ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا چووە سەر سێدارە، هەرگیز فەرامۆش نەکەین.
پەیامی "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" بە بۆنەی 10 ی خاكەلێوە رۆژی شەهیدانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
جەماوەری خۆشەویست و تێکؤشەرانی نەتەوەی گەلەکەمان.
گەلی کورد لە دوو سەتەی دواییندا بە تایبەت و لە سەتەکانی پێشتریشدا بە گشتی، هەمیشە کەوتووەتە بەر پەلامار و دەستدرێژیی داگیرکەرانی نیشتمانەکەی. هەرچەندە کورد لە زۆربەی وێستگەکاندا بە گوتارێکی ئاشتییانە داخوازی و مەبەستەکانی خۆی دەربڕیوە، بەڵام هەتا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی ناپیاوانە و زبر وەڵامی دراوەتەوە.
لە دوای بونیادنانی کۆماری کوردستان لە ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا، ئەگەرچی کورد توانیبووی لەو لێڵییە سیاسییەی ئەو سەردەمەی جیهان کەڵکێکی چاک وەربگرێت و پەرە بە دامەزراوە گەلمینەکانی کۆمار بدات، کەچی داگیرکەرانی ئێران بە هیچ جۆرێک ملیان نەدا کورد ببێتە خاوەن ماف و سەروەرییەکانی خۆی. هەر بۆیەش لە وەڵامی داخوازییە ئاشتیخوازانەکانی پێشەوای کوردستاندا، پەتی سێدارەیان وەک دیاری بۆ گەلەکەمان هەڵخست.
١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦، لە ڕاستیدا وەرچەرخانێکی مێژوویی و قۆناغێکی نوێ بوو لە تێکۆشان و خۆڕاگریی نەتەوەییمان. شەهیدکردنی ڕێبەرانی مەزنی کۆماری کوردستان لەم ڕۆژەدا، وەڵامی داگیرکەران بوو بۆ پەیامی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی نەتەوەکەمان؛ ئەوان زۆر بێباکانە پەتی سێدارەیان بۆ ئاشتی و بۆ سەرکردە ئاشتیخوازەکانی کورد هەڵواسی ، ئەمڕۆ کە لەژێر ناوی جۆراوجۆر و لە قۆناغی دوای نەمانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا، ناوەندگەرایان باس لە برایەتی، تەبایی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ نەتەوەی کورد دەکەن، پێویستە یادی پێشەوای کورد و ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا چووە سەر سێدارە، هەرگیز فەرامۆش نەکەین.
لەبەر ئەوە ئەرکی سەرشانمانە لە داهاتوودا زۆر بە وریایییەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەڵسوکەوت بکەین، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن بیروبۆچوونی "ناوەندگەرایانەن"؛ چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەوان ئامادە نین هیچ مافێک بە ڕەوا بۆ گەلی کورد ببینن.
ڕاستە لە ١٠ی خاکەلێوەدا ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کوردیان شەهید کرد، بەڵام یاد و ڕێبازە نەتەوەییەکەیان هەمیشە لە ویژدانی گەلەکەماندا بە زیندوویی و شکۆمەندی دەمێنێتەوە.
سڵاو بۆ پێشەوای نەمری کوردان و هەموو ئەو شەهیدانەی لە پێناو ڕزگاریی نیشتمان و ڕێبازی کوردایەتیدا گیانی پاکی خۆیان بەخت کرد.
پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان
٩ ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ ی کوردی