هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «خواجامێر»ی سەر بە شاری بانە و دەستبەسەریان کردووە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەکان بەبێ هەبوونی هیچ بڕیار یان بەڵگەیەکی دادوەری، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی «کاوە عوسمانی»، تەمەن ٥٦ ساڵ، و پاش دەستبەسەرکردنی،
ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە کردووە. سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ناوبراو کراون، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی ناوبراویش نادیارە.
شایانی باسە، گوشار و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، دیاردەیەکی بەردەوامە و بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە پێدانی زانیاری، لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا دەژین.