خوێندنەوەیەک بۆ وتەکانی "ئیسراییل کاتز" وەزیری بەرگریی ئیسراییل و لێکەوتەکانی لەسەر پێگەی تورکیا و پرسی کورد.
پوختە
لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کاتز دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان ناتوانرێت تەنیا لە ئاستی گرژییەکی زارەکیدا کورت بکرێتەوە. ئەم وتارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم وتانە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بنگەیین لە ژینگەی ئەمنیی ناوچەکەدا. گۆڕانکارییەک کە هاوتەریبە لەگەڵ لاوازبوونی ناتۆ (NATO) و کەمبوونەوەی رۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم رێکخراوەیەدا، کە راستەوخۆ بووەتە هۆی داخورانی پێگەی ژیۆپۆلیتیکی تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا، کەمبوونەوەی چەتری پارێزبەندیی ناتۆ نەک هەر تورکیا لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکان (بە تایبەت لەلایەن ئیسرائیلەوە) لاوازتر دەکات، بەڵکو بە زەقکردنەوەی ئامانجدار و ستراتێژیکی پرسی کوردستان، دەکرێت ئەم پرسە ببێتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گوشار دژی ئەنکارا.
١. وتەکانی کاتز لە سووکایەتیی سیاسییەوە تا ئاماژە بۆ بە ئامانجگرتنێکی ستراتێژیک
وتەکانی کاتز دژی ئەردۆغان، بە تایبەت ئاماژەکردنی راستەوخۆ بە سەرکوتکردنی کوردان، خاڵێکی سەرەکی دەردەخات کە دەڵێ ئەمە تەنیا هێرشێکی زارەکی نییە، بەڵکو جۆرێک لە ناسینی ورد و بە ئامانج گرتنی خاڵە لاوازە بنگەییەکانە لە سیاسەتی ئەمنیی تورکیادا.
لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کاتێک ئەکتەرێک
نەک هەر ڕکابەرەکەی لاواز دەکات
بەڵکو ئاماژە بە درزێکی ناوخۆیی یان نەتەوەیی ئەو رکابەرە دەکات ،
لە ڕاستیدا خەریکی پێناسەکردنی گۆڕەپانی ململانێیەکانی داهاتووە.
بە دیوێکیتردا، ئاماژەکەی کاتز بۆ پرسی کورد دەکرێت ئاوا لێک بدرێتەوە کە ئیسرائیل نەک هەر تورکیا بە رکابەر دەبینێت، بەڵکو دەشزانێت لە کوێوە دەبێ زەختی لە سەر بکات.
٢. لاوازبوونی ناتۆ و داڕمانی قەڵغانەکەی تورکیا
لە بارودۆخێکدا کە ناتۆ بەرەو لاوازی دەچێت و دەروەستییەکانی ئەمریکا بەرامبەری کەم دەبێتەوە، تورکیا بەشێکی گرنگ لە "پەرژینی بنگەیی" خۆی لەدەست دەدات.
لە ڕابردوودا هەر چەشنە زەختێکی شێلگیر بۆ سەر تورکیا، مەترسیی تێوەگلانی تەواوی ناتۆی لەگەڵدا بوو، ئەمەش جۆرە "پارێزبەندییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ"ی بۆ ئەو وڵاتە دروست کردبوو.
بەڵام ئێستا ئەم پارێزبەندییە لە پاشەکشەدایە و ئەکتەرە ناوچەییەکان، لەوانە ئیسرائیل، هەست بە ئازادیی زیاتر دەکەن لە جوڵەکانیاندا.
لە کەشێکی ئەوتۆدا ئاماژەکردن بە پرسە نێوخۆییەکانی تورکیا (وەک کورد) چیتر تەنیا رەخنەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە ئامرازێکی گوشاری شێلگیری ژیۆپۆلیتیکی.
٣. لاوازبوونی تورکیا، لە دەسەڵاتێکی پارێزراوەوە بۆ ئامانجێکی فشەڵ
بە داخورانی پێگەی ناتۆ، تورکیا دەچێتە قۆناغێکەوە کە تێیدا
چیتر ناتوانێت پێگەی خۆی لە ناتۆدا بۆ رەواییدان بە سیاسەتە ئەمنییەکانی بەکاربهێنێت.
هاوکات، لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکانیشدا لەرزۆک و خەسارهەڵگرتر دەبێت.
ئەم دۆخە گۆڕانکارییەکی نێوەرۆکی دروست دەکات واتە تورکیا لە "ئەکتەرێکی پارێزراو"ەوە دەبێتە "ئامانجێکی ئامادە بۆ گوشار".
لەم چوارچێوەیەدا، پرسی کورد کە پێشتر زیاتر وەک تەنگژەیەکی ناوخۆیی یان ناوچەیی دەبینرا، ئێستا دەکرێت وەک کارتێکی زەختی نێودەوڵەتی دژی تورکیا بەکاربهێنرێت.
٤. ئیسرائیل و ستراتێژیی جەختکردنەوە لەسەر درزە ناوخۆییەکانی تورکیا
ئاماژەکەی کاتز بۆ کوردەکان دەکرێت وەک بەشێک لە مۆدێلێکی بەرفراوانتر لە سیاسەتی هێزدا سەیر بکرێت:
_ چڕبوونەوە لەسەر درزە نەتەوەیی و ناسنامەییەکانی ڕکابەرەکان.
_ بەکارهێنانیان بۆ لاوازکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی.
_ گۆڕینی پرسە ناوخۆییەکان بۆ ئامرازی گوشاری دەرەکی.
ئەمە مەرج نییە بەو واتایە بێت کە ئیسرائیل خێرا دەچێتە ناو بابەتی پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی کوردەوە، بەڵکو دەرخەری ئەو راستییەیە کە پرسی کورد خەریکە دەبێتە بگۆڕێکی گرنگ لە هاوکێشە ستراتێژیکەکانی ئیسرائیلدا.
٥. لێکەوتەکان بۆ پرسی کورد، لە هەلێکی پێکهاتەییەوە تا لاهێزێکی ژیۆپۆلیتیکی
لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا پرسی کوردستان لە بابەتێکی ناوچەییەوە دەبێتە توخمێکی سەرەکی لە گەمەی هێزی نێوان دەوڵەتەکاندا. لاوازبوونی تورکیا و کەمبوونەوەی پاڵپشتیی ناتۆ دەکرێت:
_ تێچووی سەرکوتکردن بۆ ئەنکارا بەرز بکاتەوە.
_ رەوایی نێودەوڵەتی بۆ داواکارییەکانی کورد بەهێزتر بکات.
_ دەرەتانی کەڵکوەرگرتنی ئەکتەرە دەرەکییەکان لەم پرسە فراوانتر بکات.
بە تایبەت ئەگەر ئەم رەوتە هاوتەریب بێت لەگەڵ دروستبوونی مەودا لە نێوان تورکیا و رۆژئاوادا ، کوردەکان دەتوانن لە ئاستی دیپلۆماسیدا چالاکتر بن و پێگەی خۆیان لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا بەرز بکەنەوە.
ئەنجام
لێدوانەکانی ئیسرائیل کاتز دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبێت وەک ئاماژەی گۆڕانکارییەکی گرنگ لە هاوسەنگیی هێزی ناوچەییدا لێک بدرێتەوە. ئەم وتانە، بە تایبەت بە ئاماژەدان بە پرسی کورد، دەریدەخەن کە رکابەرەکان نەک هەر سەرنجیان لەسەر لاوازکردنی پێگەی دەرەکی تورکیایە، بەڵکو خەریکی ناسینەوە و زەقکردنەوەی خاڵە لاوازە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەشن.
لە سێبەری لاوازبوونی ناتۆ و کەمبوونەوەی رۆڵی ئەمریکا لەم رێکخراوەیەدا، ئەم رەوتە دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی زەختێکی فرەڕەهەند بۆ سەر تورکیا. لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا، پرسی کورد لە تەنگژەیەکی مێژووییەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی بەباندۆر لە ململانێیە ژیۆپۆلیتیکییەکاندا. ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە، داڕمانی دەستبەجێ نییە، بەڵکو چێ بوونی دۆخێکە کە تێیدا تورکیا بەرەوڕووی داتەپینی هێزی بەرگری، هەڵکشانی تەوژمی دەرەکی و زەقبوونەوەی درزە ناوخۆییەکان دەبێتەوە . دۆخێک کە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێناسە بکاتەوە.