پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوای تێکۆشەرگەلەکەمان ساڵح موسلیم پەیامێکی سەرخوشی ئاراستە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی لە رۆژئاوای کوردستان کرد ئەمەش دەقی پەیامەکەیە،
پەیامی سەرەخۆشیی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر "ساڵح موسلیم"
بەداخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سەرکردەی دیار و نیشتمانپەروەری ڕۆژئاوای کوردستان، بەڕێز "ساڵح موسلیم" هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)مان پێگەیشت.
بەڕێز ساڵح موسلیم تەنیا سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەر و پێشەنگێکی ڕێگای ئازادی بوو، کە تەواوی تەمەنی خۆی بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەی و پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی تەرخان کرد. لە کۆبانێی خۆڕاگرەوە تا هەموو بستێکی خاکی کوردستان، ناوی ئەو وەک سیمبولی بەرخۆدان و قوربانیدان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان، هاوژین و منداڵەکانی، هاوخەباتانی لە پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین. خۆمان بە هاوبەشی خەمی هەموو لایەک دەزانین.
ڕۆحی شاد و یادی هەمیشە بە خێر بێت.
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان
21ی رەشەممە ٢٧٢٥ کوردی