لە چوارچێوەی هەوڵەکانی «ژینا میدیا» بۆ پەرەپێدانی وتووێژی کراوە و تاوتوێکردنی پرسە هەستیار و گرنگەکانی کۆمەڵگە، ئەم دواییانە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ بەڕێز محەمەد جەمشیدی، وتەبێژی پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان، ساز کرا. ئەم دیدارە دەرفەتێکی لەبار بوو بۆ ئەوەی بە وردی تیشک بخرێتە سەر چەند تەوەرێکی گرێدراو بە دۆخی ئێستای ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەو وتووێژەدا بەڕێز جەمشیدی بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. ئەم وتووێژە بە شێوەی ئۆنڵاین بووە و کراوە بە نووسراو.
مەجید حەقی : بینەرانی بەڕێزی "ژینا میدیا" لە هەر کوێی ئەم جیهانە بن، سڵاوی نیشتمانپەروەرانەتان لێ بێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٢ی ژوئیەی ٢٠٢٦ی زایینی، بەرامبەر بە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی، لە بەرنامەیەکی دیکەی «بە کاتی ژینا» لە خزمەتتانداین. لە کاتێکدا ئاگری ململانێی شەڕی ناوچەیی ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەسێنێت و گۆڕەپانی سەربازی لە باشووری ئێران و کەنارەکانی کەنداوی فارس گەرمتر دەبێت، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە خاڵی بوون و ترسی مێژوویی خۆی لە کوردستان دەرخستووە. تەنیا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، نزیکەی نۆسەد جار هێرش کراوەتە سەر خاکی باشووری کوردستان. لە نموونەی ئەم دواییانەدا، لە ١٧ و ١٩ی ژوئیە، بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و پارتی ئازادیی کوردستان، زیانێکی زۆری گیانی لێکەوتەوە؛ وەک ئاگادارن، چەند لەحزەیەک لەمەوبەر، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. ئایا ئەم هێرشانە تەنیا کاردانەوەیەکی ئەمنیی کاتین، یان بەشێکن لە ستراتیژییەک بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانە نێوخۆییەکان و گوشارخستنە سەر هاوپەیمانانی ڕۆژاوا؟ ئەرکی دانیشتووانی کوردستان چییە بۆ گۆڕینی ئەم تاوانە جەنگییانە بۆ دۆسیەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتی؟ لە ئەڵقەی ئەمڕۆی بەرنامەکەماندا، میوانداری بەڕێز کاک جەمشید محەمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی لیبرالی کوردستان دەکەین. کاک جەمشید، زۆر بەخێر بێن. ئەگەر لە دەستپێکدا وتەیەکتان هەیە، لە خزمەتتانداین و پاشان دەچینە سەر پرسیارەکان
محەمەد جەمشیدی: سڵاو و ڕێز؛ سوپاس بۆ بانگهێشتەکەتان، ماندوو نەبن بۆ ئەم بەرنامانەتان و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. سڵاو و حورمەتم هەیە بۆ هەموو بینەران و بیسەرانی ژینا میدیا. لە خزمەتتانداین. وەک فەرمووتان، پێموایە سەعاتێک لەمەوبەر دیسانەوە هێرش کرایەوە سەر بنکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هێرشەکان هەروا بەردەوامن...»
مەجید حەقی: کاک محەمەد، بەڕێزتان لە کوردستانەوەن و شایەدی ئەو هێرشانە بوون کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دەیانکاتە سەر باشووری کوردستان و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان. دەمەوێ لەم خاڵەوە دەست پێ بکەم: هۆی چییە لە کاتێکدا شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێرانە و حیزبە کوردستانییەکان هیچ بەشدارێکیان لەم ململانێیەدا نەبووە و لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیییان بەم شەڕەوە نییە، کەچی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر بنکەکانیان؟ دەتوانن شرۆڤەی هۆکارەکانی ئەمە بکەن؟
محەمەد جەمشیدی: بەڵی، زۆر سپاس. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەمە شەڕی ئێمە نییە؛ شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و ئێرانە. بەڵام پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: «بە کەر ناوێرێ، بە کۆپان شێردەکات».
ئێران ئێستا ناوێرێ ڕووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە، بۆیە تەنیا وەک گوشارێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی، ئابووری و بژێوی، ڕووی کردووەتە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. ئێران سەیری ئەوە ناکات ئایا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چالاکییەکیان هەبووە یان نا، بەڵکو ئەو بە گشتی دوژمنایەتی لەگەڵ کورد دەکات. ڕاستە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور جێگیرن، بەڵام هیچ جووڵەیەکی سیاسی یان سەربازیی وایان نەبووە کە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئێران. ئەگەر هەر چالاکییەکیش کرابێت، تەنیا لە چوارچێوەی سیاسی بووە. ئێران بە تێکدانی ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی کەشێکی شەڕەنگێزانە، دەیەوێ سەرنجەکان لە شەڕە سەرەکییەکە لابدات. سەیری بکەن، لە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ کە یەکەم جار ئەو هێرشانە دەستی پێ کرد، هێشتا شەڕی ئەمریکا و ئێران بەم شێوەیەی ئێستە نەبوو. کەواتە ئەمە ڕووی دوژمناکاریی ئێران بەرامبەر بە کوردە، چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە باشوور. ئێران دەیەوێ بەم کردەوانە دەروازەیەکی دیکە بۆ شەڕەکە دروست بکات و ناوچەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی ببات. هەر هەفتەی ڕابردوو بینیمان چۆن هێرشی کردە سەر ئیمارات و کوەیت؛ ئەمە هەمان سیاسەتی ئێرانە بۆ دروستکردنی کێشە لە ناوچەکەدا.
مەجید حەقی: هۆکاری هێرشکردنە سەر باشووری کوردستان چییە؟ چونکە باشووری کوردستان بەشدار نییە لەو شەڕەی دژی ئێران دەکرێت. ڕاستە بنکەکانی ئەمریکا لەوێن، بەڵام هەرگیز لەو بنکانەوە هێرش نەکراوەتە سەر ئێران. سەرەتا با بزانین بۆچی هێرشی دەکاتە سەر؟ دواتر دێتە سەر هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستانیش.
محەمەد جەمشیدی: هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فیدراڵیدا، پەیوەندیی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا هەیە. ئەگەر بڕیار بێت نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسیی ئەمریکی لە ناوچەکەدا بکرێتەوە، دەبێت لە باشووری کوردستان بێت. تەنانەت ئێرانیش لە بەغدا، هەولێر و سلێمانی، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی هەیە. کەواتە هیچ کێشەیەک نییە بڵێین نابێت وڵاتانی دیکە لێرە بن. نەخێر، ئەمە دژایەتیکردنی گەلی کوردە بۆ دروستکردنی ئاژاوە لە ناوچەیەکدا کە هێمنی و ئارامییەکی زۆری تێدایە. ڕاستییەکەی ئەوەیە، ئەو هێمنی و ئاسایشەی لە باشووری کوردستاندا هەیە، لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی عێراقدا نابینرێت. پێویستە ئەم ناوچەیە بپارێزین و ئاسایش و سەقامگیریی تێدا بەرقەرار بکەین. هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی حکوومەتی فیدراڵدا، پەیوەندیی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا هەیە. ئەگەر بڕیار بێت کونسوڵخانە یان ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بکرێنەوە، دەبێت لە باشووری کوردستان بن. ئێستا ئێرانیش کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی هەیە؛ هەم لە عێراق و هەم لە هەولێر و سلێمانی. کەواتە، ئەمە هیچ کێشەیەک نییە کە بگوترێت چونکە ئەوان هەن، نابێت وڵاتانی دیکە بێن. نەخێر، ئەمە دژایەتیکردنی گەلی کوردە بەمەبەستی تێکدانی هێمنی و ئارامییەک کە لە باشووری کوردستاندا هەیە. بەڕاستی ئەو هێمنی و ئاسایشەی لە باشووری کوردستاندا بەدی دەکرێت، لە هیچ ناوچەیەکی دیکەدا نابینرێت. پێویستە ئەم ناوچەیە بەرەو باشتربوون بڕوات و ئاسایش و سەقامگیریی زیاتری تێدا دابین بکرێت.
مەجید حەقی: بەڵێ. کەواتە، تا ئێستا دەگوترێت کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزی سەربازیی خۆی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی باشوور (هەرێمی کوردستان) کردووە. ئایا لەم بارەیەوە هیچ لێکدانەوەیەکی ڕوون هەیە کە هۆکاری هاتنی ئەو هێزانە چییە و بە چ مەبەستێک هاتوون؟
محەمەد جەمشیدی: «ئەوان لە هەر لە سەرەتاوە بڕیاریان دا کە تەرمی خامنەیی بگوازنەوە، لەو کاتەوە دەستیان بە کار کرد. بەتایبەتی لە ناوچەی کرماشان، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ دەستم کەوتووە، ئەو بنکە و بارەگایانەی هەن، هەر کامیان دە بۆ پازدە کەسیان تێدایە و هێزێکی زۆریان تێدا جێگیر کردووە. لە ناوچە سنوورییەکانیشدا هێزیان جێگیر کردووە. گوایە بە ناوی پشتیوانی و پاراستنی سنوورەکان و دابینکردنی ئاسایش، قەڵغانێکی ئەمنییان دروست کردووە. تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ جموجۆڵێکی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بەڵام ئەمە ڕاستە: هێزێکی زۆریان جووڵاندووە و ناوچەکەیان تەنیوە؛ لە نێوان باشوور و هەر لە خاڵی سنووریی شێخ ساڵەوە بگرە تا دەگاتە حاجی ئۆمەران و ئەو شوێنانە.»
مەجید حەقی: بەڵێ، زۆر جار وای دەردەخەن، یان ڕاستییەکەی، زۆر لەو چاوەڕوانییانەدا ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت بە مانۆڕ و پەلامارەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان، بە شێوەیەک تورکیاش ڕابکێشێتە ناو ئەو شەڕەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە باشووری کوردستانەوە. ئایا تۆ چۆن لەو بابەتە دەڕوانیت؟
محەمەد جەمشیدی: ئەو وڵاتانەی دەوروبەری ئێران کە چاویان لێیە؛ ئازەربایجان، ئەرمەنستان، تورکمانستان، ئەفغانستان و پاکستانن. کەواتە ئەو بژاردەیەی کە دەتوانێت بۆی شەڕ بکات و دەرگەیەکی نوێی شەڕ بکاتەوە، چڕکردنەوەی هێرش و پەلامارەکانییەتی بۆ سەر باشووری کوردستان. بۆچی؟ بە پاساوی ئەو دژایەتی و تۆمەتانەی کە دەیان خاتە پاڵێتە پاڵ کورد. گوایە کورد پشتگیریی لە شەڕدەکات ، لە کاتێکدا کورد بە هیچ شێوەیەک بەشدارئەو شەر نەبووە و تا ئێستاش ناتوانن هیچ بەڵگەیەک بهێنن. لەو لاشەوە تەنیا وڵاتێک کە دەتوانێت دژی کورد بە ئاشکرا لە مەیدانەکەدا بێت، تورکیایە. لەبەر ئەوە، هەرچەندە لە زۆر شتدا هاوڕا نەبن، بەڵام ئەو ڕاستییەی دەبێت قبووڵی بکەن، ئەوەیە کە هەردوو داگیرکەرەکەی کوردستان لەسەر دژایەتیکردنی کورد هاوڕا و هاوهەڵوێستن. ئەگەرچی ئێستا لە باشووری کوردستان حکوومەتێکی فیدراڵ هەیە، بەڵام ئێستا دوو دەوڵەت ماونەتەوە کە دژی کوردن؛ تورکیا و ئێران. بەو بیانوانە هەموو ئەتوانن دەروازەی شەڕ بگوازنەوە، شەڕی نوێ دروست بکەن، ناوچەکە تێوە بگلێنن و بە ناوی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی وڵاتەکەیانەوە، هەوڵی هێرشکردنە سەر کورد بدەن.
مەجید حەقی: بەپێی ئەو دووبەرەکی و نەبوونی یەکگرتووییەی لە باشووری کوردستان هەیە، بەتایبەتی ئێستا کە ڕێک بیست و دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێپەڕ دەبێت و هێشتا حکوومەتێک پێک نەهاتووە؛ ئەم دۆخە تا چەند کاریگەر بووە لەسەر ئەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردن کراوە بێت؟
محەمەد جەمشیدی: کاک مەجید، لەوانەیە دیدگای من سەبارەت بەو دۆخەی کورد و ئەو لێکترازانی یەکگرتووییە جیاواز بێت. کورد هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بەتەواوی یەکگرتوو بێت، لە کاتێکدا ئەوەندە دوژمنی هەیە. لە باشووری کوردستان هەڵبژاردن کراوە، کەچی هێشتا پەرلەمان دەستبەکار نەبووە و تەمەنی حکوومەتیش بەسەر چووە. هێشتا ئەمانە نەکراون و کەچی هێندە دوژمنمان هەیە! دەی کەواتە ئەگەر کورد یەکگرتوو و یەکدەنگ بووایە، بە دڵنیاییەوە دوژمنەکانمان زیاتر دەبوون. ئەمە کێشەیەکی ناوخۆییە. پێم وایە سەرکردایەتیی سیاسیی باشووری کوردستان هێندە ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنیان هەیە کە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بچنە پێشەوە. ئەوان بەرپرسیارن لە ئاست مێژوو و داهاتوودا. با بڕیارەکە بۆ خۆیان بەجێ بهێڵین. بە دڵنیاییەوە ئەوانیش هەموو هەڵسەنگاندنێکیان بۆ بارودۆخەکە هەیە و بۆ داهاتوو پلان و پێگەی خۆیان دەبێت، چونکە ئەمە پەیوەندی بە بەرژەوەندیی گشتیی باشووری کوردستانەوە هەیە.
مەجید حەقی: با بێینەوە سەر باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم هێرشانە، لە ڕاستیدا زۆربەیان کرانە سەر بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ واتە بنکەی پێشمەرگە بوون، شوێنی حەوانەوەی بنەماڵەکان بوون، تەنانەت قوتابخانەش بوون. ئێوە هۆکاری هێرشکردنە سەر حیزبەکانی کوردستان، لە کاتێکدا ئەوان بەشدار نەبوون لە شەڕ و بەشێکیش نەبوون لێی، بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
محەمەد جەمشیدی: کاک مەجید، لە سەرەتای شۆڕشەوە کوردانی ڕۆژهەڵات پێشەنگی خەبات و تێکۆشان بوون لە ئێراندا. پێم وایە هیچ گەل و هیچ نەتەوەیەک بە ئەندازەی کورد لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا چالاک نەبووە. جگە لە کورد، ئەوەی دیکە هەبووە، هەر کورد بووە. ئەگەر چاو لە دەوروبەرمان بکەین و سەیری نەتەوەکانی دیکە بکەین، دەبینین بە ئەندازەی کورد، نە لە ڕووی حیزبی، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی سەربازییەوە کاریگەرییان نەبووە. بۆیە ئەگەر ئێستا هەست بە مەترسی دەکەن، ئەو ترسە بۆ ئەو هێز و توانایە دەگەڕێتەوە کە کورد هەیەتی. ئەمەشمان لەبیر نەچێت کە ئێمە سێ قۆناغمان تێپەڕاند دوای شەهیدبوونی "ژینا". لەو کاتەوە تا ئێستا، لە مێژوودا ڕووی نەداوە بە ئەندازەی ئێستا کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووڕە بن و ڕقیان لە دڵدا بێت. هەر بۆیە ئەوانیش ئەمە دەزانن و ئاگادارن کە کورد چاوەڕێی هەلێکە. کەواتە دەیانەوێ بە هەر جۆرێک بێت شەڕەکە بگوازنەوە و بە هەر شێوەیەک بێت گەلی کورد لەم مەیدانەدا لاواز بکەن و سەرکوت بکەن.
مەجید حەقی: ئەم هێرشانە زیاتر ئاراستەی ئەو هێزانە بوون کە ئەندامی «ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران»ن. بۆچی چڕیی هێرشەکان لەسەر ئەوان زیاتر بووە؟
محەمەد جەمشیدی: ناتوانین بڵێین تەنیا «ناوەندی هاوکاری» بووە؛ بەڵکو دەتوانین بڵێین هێرشەکان بۆ سەر ئەو حیزبانە بووە کە بنکە و بارەگایان هەیە و خاوەنی هێزی چەکدارن. تەنیا هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هەست بە مەترسی دەکات. مەجید، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە چ لە ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، چیتر شتێک بە ناوی «کۆماری ئیسلامی» نەماوە؛ ئەوەی ئێستا حاکمە، تەنیا سیستەمێکی دیکتاتۆرییە. ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران بکەین، دەبینین لە ڕووی ئابووری، پیشەسازی و بوودجەوە گەیشتووەتە سفر. کەواتە دەزانێت کە نامێنێت؛ کە دەزانێت نامێنێت، چی بکات؟ دەیەوێت ئەوانەی بەهێزن بەو شێوەیە لاوازیان بکات. وەک ئەوە وایە بڵێت: «ئەگەر بڕیارە من بڕۆم، با ئەوانەی دەوروبەریشم لەگەڵ خۆمدا بڕۆن.» کۆتاییەکەیەتی؛ تەنیا یەک دوو مانگی دیکە دەتوانێت بەردەوام بێت. بۆیە هەوڵ دەدات کورد لاواز بکات و بەو شێوەیە بڵێت: «نەخێر، من هێشتا ماوم.»
مەجید حەقی: بەو پێیەی ئێوە حیزبێکی سیاسی و پارتییەکی لیبراڵی کوردستانن، دەمەوێت لەم بارەیەوە چەند پرسیارێکتان لێ بکەم. یەکەم، ئەم هێرشانەی لە شەش مانگی ڕابردوودا کراون، کە ژمارەیان لە نۆسەد تێپەڕیوە و گەیشتووەتە هەزار و حەوتسەد و بیست هێرش بۆ سەر بنکە و کەمپی نیشتەجێبوونی پەنابەران و خێزانەکانیان؛ ئایا بە ڕوانگەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ئەم پەلامارانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ڕوانگەی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
محەمەد جەمشیدی: زۆر بە ڕوونی دیارە، ئەگەر سەربازێک سنووری وڵاتێک ببەزێنێت و دەست لە کاروباری ناوخۆیدا وەربدات، ئەمە کارێکی نایاساییە. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، نەک تەنیا یاساکانی مافی مرۆڤ، بەڵکو یاسا نێودەوڵەتییەکانیشی پێشێل کردووە؛ ئەم پێشێلکارییانە لە باشووری کوردستان، یەمەن، لوبنان و سووریاشدا هەبوون و ئێستاش گەڕاوەتەوە سەر باشووری کوردستان. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی وڵاتانی نێودەوڵەتی بێدەنگن؟ وەڵامەکە لە بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی ئەو وڵاتانەدایە. کورد چوار دەیەیە دەڵێت کۆماری ئیسلامی تیرۆریستە، بەڵام تازە ئەوان قەناعەتیان بەمە هێناوە. بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوودا، بەریتانیا و کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکە، سوپای پاسدارانیان خستە لیستی تیرۆرەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: کاتێک لە دەیەی شەستەوە کورد پێی دەوتین ئەمانە تیرۆریستن، بۆچی ئەو وڵاتانە چاوپۆشییان لە ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرد؟ ئێستا کە تێگەیشتوون ئەمە مەترسییە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکانی خۆشیان، لەوانەیە چاویان کرابێتەوە.
مەجید حەقی: بەپێی ماددەی دووی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو پرۆتۆکۆڵەی پێی دەڵێن «ناردنەوەی بەزۆر» (Non-refoulement)، کە مەبەست لێی پاراستنی پەنابەرانە و ڕێگری لە گەڕاندنەوەیان بۆ ئەو شوێنانەی ژیانیان تێیدا لە مەترسیدایە، بۆچی کاریگەریی ئەم بنەما یاساییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تا ئێستا هێندە لاواز بووە؟ بەتایبەتی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
محەمەد جەمشیدی: پێم وایە هۆکارەکەی بۆ کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوەی لە ساڵانی دووهەزار و سێ و چوارەوە چالاکییەکانی لە باشووری کوردستان بەتەواوی ڕاگرتووە یان گەرەلاوژێی پێوە دیارە و تەنها ڕواڵەتییە. قۆناغی دووەم دوای دووهەزار و نۆ دەستی پێ کرد، ئەو کاتەی حکوومەتی عێراق دامەزرا و کاریگەرییەکانی حکوومەتی عێراقیشی بەسەردا زاڵ بوو؛ لەبەر ئەوە دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و بنەماکانی عێراقدا بێت. سەبارەت بەو دەسەڵاتەی لە باشووری کوردستان هەیە؛ ڕاستە ئەمریکا هێرشی کرد و عێراقی تێکشکاند و سەدامی ڕووخاند، بەڵام دەسەڵاتی سەرەکی کەوتە دەست ئێران و ئەوان ئێستا کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە. ئەگەر بە تەنیا سەیری ئەو دەسەڵاتە بکەین کە حکوومەتی عێراق هەیبووە، ڕەنگە کاریگەریی هەبووبێت، بەڵام (UNHCR) هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبووە؛ تەنها شێوازێکی ڕواڵەتییان هەیە و پێیان وایە ئێوە هەن و بوونتان هەیە، لە کاتێکدا لە ڕووی یاساییەوە، تەنانەت ئەو یاسایانەشی خۆیان دایان ڕشتووە وەک ڕێکخراوی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆشیان پێشێلیان کردووە.
مەجید حەقی: بەڵێ. لەم هەلومەرجەدا، واتە لە حیزبی خۆتانەوە بگرە تا حیزبەکانی دیکە کە پێیان دەڵێین هاوپەیمانیی سیاسی و تەنانەت لە «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات»یشدا کە بەڕێزتان ئەندامی ئەون، باس لە پێویستیی یەکگرتوویی کورد دەکرێت. ئێستا پرسیاری من ئەوەیە؛ بە بڕوای ئێوە هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چییە؟
محەمەد جەمشیدی: کاک مەجید، ئەم باسە لە ساڵی ٢٠١٠وە هەبووە، بەڵام زیاتر لە ساڵی ٢٠١٠ بەم لاوە ئەم ڕەوتە دەستی پێ کردووە و باس لە گوتارێکی یەکگرتوویی و یەکدەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە. من نموونەیەک بهێنمەوە؛ ئێمە وەک «پارتی لیبراڵ دیموکراتی کوردستان» لە ساڵی ٢٠١٣دا کە بەشداریی کۆنفرانسەکانی «کۆنگرەی نەتەوەیی» بووین، پلاتفۆرمێکمان لە دوو بواردا پێشکەش کرد؛ یەکێکیان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ئەوی دیکەیان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کە قەرار بوو بە بڕیاری بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی ببەسترێت، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. دواتر «ناوەندی هاوکاری» دامەزرا، بەڵام ئاکامەکەی چی بوو؟
کاک مەجید، ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵات واقیعەن پێویستمان بەوە نییە تەنیا قسە بکەین؛ دەبێ کردەوەمان هەبێت. بەداخەوە ئێستا ئایدۆلۆژیای حیزبی قسەی یەکەم دەکات. ئەگەر لە ئایدۆلۆژیا تێپەڕین، ئێمە دوژمنێکی هاوبەش، مێژوویەکی هاوبەش، جوگرافیایەکی هاوبەش، هەروەها زمان و فەرهەنگێکی هاوبەشمان هەیە. ئەو خاڵە سەرەکییانەی کە هاوبەشن و دەتوانین لەسەریان هاوڕا و یەکگرتوو بین، زۆر بەهێزترن لەو جیاوازییانەی کە هەن. بەڵام بەداخەوە، لەوانەیە وەک لایەنێکی سیاسی، قسەکردن لەم بارەیەوە ئاسان نەبێت؛ هەرچەندە ئێمە کاری خۆمان کردووە و هەوڵمان داوە. هیوادارین لە بازنەی قسەکردن و بەیاننامەنووسین بێینە دەرەوە. هەموومان ئەرکی خۆمان دەناسین، بەڵام جێبەجێکردنی ئەرکەکە گرنگە. ئێمە لە جێبەجێکردندا پێویستمان بە بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسییەکانە. دەبێ هەموو چین و توێژەکان لە سیستەمێکی نوێی هەزارەی دووەمدا، ئەگەر باس لە دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمەڵگە دەکەین، بەشدار بن.
واتە نابێت تەنیا چەند کەسێک و چەند لایەنێک بڕیاردەری کۆمەڵگە بن؛ دەبێ هەموومان پێکەوە بین. دڵنیام ئەو کات هێز و توانامان زۆر زیاتر دەبێت. بۆچی ئێوە وەکو ئەندامی ناوەندێکی سیاسی، یان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە خاوەنی سەدان خەبات و قوربانیدانن و پێشەنگی کۆمەڵگان، بەشدار نەبن؟ دەبێ بەو شێوەیە بێت.
مەجید حەق: ئێستا نیگەرانیی من ئەوەیە؛ دیارە بەشدارییەکەتان بۆ ڕوونە، بەڵام ئەگەر وانەبێت و نەکرێت، ئێوە وەک حیزبێک، ئەو قسانەی جەنابتان دەیفەرموون، سەرجەم حیزبەکانی تریش دەیڵێن. واتە لە بچووکترین حیزبەوە تا گەورەترین حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەپەوە تا ڕاست، هەموویان باسی هەمان شت دەکەن. هەنگاوی کردەیی بۆ ئەوەی ئەم یەکگرتووییە سەربگرێت چییە؟ بەپێی ئەم هەنگاوە کردەییانە، دەبێت چی و چۆن بکەن؟ دەبێت هەموومان لە فەزایەکی ئازاددا دابنیشین و دەست بە گفتوگۆ بکەین، نەک وەک جاران؛ لەبەر ئەوەی کوردستان داگیرکراوە، هەلومەرجی لەم جۆرەمان نەبووە.»
محەمەد جەمشیدی: « بەڵام ئێمە لە دوو قۆناغداین: قۆناغی پێش ڕزگاری و قۆناغی دوای ڕزگاری. ئێستا ئێمە لە قۆناغی پێش ڕزگاریداین. مەبەست لەو فەزا ئازادەی باسیدەکەین، ئەوەیە کە دەرگا بۆ هەموو لایەنەکان، کەسایەتییەکان و سەرجەم خاوەن ڕایان ئاواڵە بێت. با بێن لەو چوارچێوەیەدا هاوپەیمانییەک لە فەزایەکی کراوەدا بنووسینەوە. ئێمە زۆر کەسایەتی، خاوەن مێژوو و کەسانی بەتوانامان هەیە، با بێن ڕای خۆیان دەرببڕن. ناوەندی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانەی کردووە، ڕێچکە و بیروڕای خۆی هەیە؛ بە دڵنیاییەوە هەموویان لە بەرژەوەندیی گەلی خۆیاندا کاردەکەن و دڵسۆز و خەمخۆری نەتەوەکەیانن. ئەو کاتە دەتوانین دابنیشین. ئێمە پێویستمان بە شتێکە کە بە "میساقی نەتەوەیی" ناوی دەبەین. پێویستمان بە هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی هەیە کە وەکوو پرۆتۆکۆلێک ئیمزا بکرێت. چۆن کۆنگرەی نەتەوەیی لە هیندستان یان لە عێراق دروست بوو، دەبێت کۆنگرەیەکی ئاواشمان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت؛ ببێتە هێما و وتەبێژی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.»
مەجید حەقی: «ئێستا کە ئامانجەکەتان دیاری کرد، حەز دەکەم لە هەنگاوەکانی گەیشتن بەو ئامانجە بزانم. چونکە ئێوە وتەبێژی حیزبێکن و لە مەیدانی سیاسیدا کار دەکەن، دەمەوێت لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرم و بزانم کردەوەی ئێوە بۆ گەیشتن بەو خاڵەی باستان کرد، چییە؟
محەمەد جەمشیدی: «ئەگەر بمانەوێت ئەو کارە بکەین، بە دڵنیاییەوە کۆنفرانسێک یان کۆبوونەوەیەک ساز دەکەین و هەمووان بانگهێشت دەکەین تا بەشداری بکەن. ئێمە وەک خانەخوێ (میواندار) نابین، بەڵکو وای لێ دەکەین هەمووان بەشدار و خاوەن ماڵ بن؛ هەمووان ڕاوێژ و بۆچوونیان هەبێت. دەمانەوێت شتێک بنووسرێت کە لە چوارچێوەی قسەی ڕووت دەرچێت و کاری بۆ بکرێت. پێویستە لەسەر ئەو خاڵانە وەڵام هەبێت کە چیتان کردووە؛ بۆ نموونە کاک مەجید ببێتە ئەندامی کۆمیسیۆنێک یان لەلایەن کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لێپرسینەوەی لێ بکرێت. با فەزایەکی ئازاد بێت، ئەگەر ئێمە بین، هەموو چین و توێژەکان بانگهێشت دەکەین.»
مەجید حەقی: حەز دەکەم شتێکی دیکەت لێ بپرسم، چونکە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە. هەروەک چۆن زۆر جار باس دەکرێت، پێویستمان بە دیپلۆماسییەکی یاسایی هەیە؛ واتە دیپلۆماسییەک کە بتوانێت لەسەر بنەما و یاسای نێودەوڵەتی کار بکات. نازانم حیزبەکەی ئێوە تا چەند لەو بوارەدا کاری کردووە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە دۆکۆمێنتکردن و ئامادەکردنی بەڵگەنامەکان بە شێوازێکی پیشەیی، بۆ ئەوەی بتوانین لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشدا پێشکەشی بکەین. بۆ ئەوەی بتوانین دۆزی خۆمان، چ بە شێوەی تاکلایەنە بێت یان بە هاوپەیمانی، بەرەو پێش ببەین، پێویستمان بەم هەنگاوەیە. حەز دەکەم بزانم ئێوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کارێکتان لەم بارەیەوە کردووە؟ یان بە گشتی حیزبەکانی کوردستان لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێکیان ناوە؟
محەمەد جەمشیدی: سەبارەت بە حیزبەکانی دیکە، با خۆیان وەڵام بدەنەوە، ئێمە ناتوانین بە نوێنەرایەتیی ئەوان قسە بکەین. ئێمە هەوڵمان داوە سەرچاوە و بەڵگەنامە مێژووییەکان کۆ بکەینەوە؛ ئێستاش کۆمەڵێک نەخشەی مێژووییمان لە بەردەستدایە کە دەبێت بۆ مێژوو بیپارێزین. سەرزەمیی مادەکان و سەرزەمیی پێش ئەوان، دوو بابەتی جیاوازن. ئەوانەی هەوڵیان داوە مێژووی ئێمە بشێوێنن و جوگرافیای کوردستان تێک بدەن، بە بەرنامە کاریان بۆ کردووە. ئێمەش هەوڵمان داوە ئەو بەڵگەنامە مێژووییانە بە دەست بهێنین و بیانپارێزین، تاوەکو لە قۆناغی داهاتوودا بتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین. سەبارەت بەو خاڵەی ئاماژەت پێ کرد، پێم خۆشە مێژوو ڕاست بکەمەوە. ئەوانەی قسەی زل دەکەن، با خۆیان لە میدیاکاندا زۆر هەڵنەکێشن. هەموو کورد باس لە مێژووی دوو هەزار و حەوت سەد و بیست و شەش ساڵەی ئیمپراتۆریەتی ماد دەکات، کەچی کاتێک باس دێتە سەر ئەوەی "هەمەدان" پایتەختی مادەکان بووە، بۆچی تا ئێستا باسی ناکەن؟ ترستان چییە؟ نیگەرانیتان چییە؟ ئایا هەمەدان بەشێک لە کوردستان نەبووە؟ کەواتە ئەمە کێشەی کێیە و چۆن چارەسەری بکەین؟ شاری "کورد" شارێک بووە کە پێنج کورد دامەزراندوویانە. سەبارەت بە جوگرافیای شێوێنراو و چارەنووسی "شەرەفنامە"ی بەدلیسی، هەموو ئەمانە پێویستیان بە کارکردنی جددی هەیە.
مەجید حەقی: کاک محەمەد، حەز دەکەم پرسیارێکی دیکەش ئاراستەت بکەم. هەرچەندە ئەم پرسیارە پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە باسەکەمانەوە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لە هەواڵەکاندا سەبارەت بە کۆرۆنا و ڕووداوەکان دەمخوێندەوە، سەرنجی ڕاکێشام. بۆ یەکەمجارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵوێستی دەربڕی. ئێوە ئەم هەڵوێستە چۆن دەبینن؟ واتە هەڵسەنگاندنی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
محەمەد جەمشیدی: دوای هاتنەسەرکاری ئەم حکومەتە و بانگەشەکانی بۆ ئەمریکا، هەوڵ دەدەن دەستی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا کورت بکەنەوە، چونکە ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە کردەیی دەستی لەناو جومگە هەستیارەکانی عێراقدا هەبوو. ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام هیوادارین تەنها لە بەیاننامەدا نەمێنێتەوە. ئێران لە ماوەی چڵ و حەوت ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە هەمیشە وەک پێشێلکەری مافی مرۆڤ ناوزەد کراوە. هەڵوێست دەبێت کرداری بێت و بە کردەوە خۆی نیشان بدات. ناساندنی سپای پاسداران بە تیرۆریست و دانپێدانان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئەمانە شتگەلێکن کە بە قسە چارەسەر نابن. ئەو ڕێژیمە خۆی هەموو ئەمانە دەزانێت و لەسەر بنەمای ئەمانە دامەزراوە. ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی کرداری ببینین؛ وڵاتێک تا ئێستا نەیوێراوە نوێنەری وڵاتێکی تیرۆریست لە وڵاتەکەی دەربکات یان باڵوێزخانەکەی دابخات، ئێمە چاوەڕێی کردەوەی زیاترمان لەوان هەیە.
مەجید حەقی: بەڵێ، کاک محەمەد، ئێمە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەکەمان. بەڵام لەبەر ئەوەی بەشداربوویەکی ترمان ماوە، ئەگەر قسەیەکی کۆتاییتان هەبێت لە خزمەتتانداین. ئەگینا، خوا حافیزی لە خزمەتتان دەکەم.
محەمەد جەمشیدی: من سپاس و پێزانینم بۆ بەڕێزتان و ماندووبوونتان هەیە و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم. هیوادارم «ژینا میدیا» ببێتە ئەو دەنگەی کە شەهید ژینا بە هەموو دنیای ناساند و بووە سمبۆلێک بۆ ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر ئەو دەنگە بێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ وێڕای سەرکەوتن، «ژن، ژیان، ئازادی» تا سەرکەوتن.
مەجید حەقی: «زۆر سوپاس. بینەرانی بەڕێز، گەیشتینە کۆتاییی بەرنامەی ئەمجارەی "بە کاتی ژینا" لەگەڵ مەجید حەقی. زۆر داوای لێبوردن دەکەم، ئێوە خۆشەویستن، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بەرنامەکەمان لە یوتیوب بڵاو نەبووەتەوە. کێشەی پەیوەستبوونمان بە یوتیوبەوە هەبوو. لەو بارەیەوە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو دۆستانە دەکەم کە لە یوتیوب سەیری بەرنامەکەمان دەکەن. هەوڵ دەدەین دواتر بەشێوەی ئۆفلاین لە یوتیوب دایبەزێنین. سوپاس بۆ بەشداریی کاک محەمەدی جەمشیدی، وتەبێژی پارتی لیبرالی کوردستان. سوپاس بۆ ئێوەی بینەر، سوپاس بۆ لایک و سەرنجەکانتان. تا بەرنامەیەکی تری "بە کاتی ژینا"، بەختەوەر بن و کوردستان سەرکەوتوو بێت.»
لینکی وتووێژەکە
https://x.com/majidhakki/status/2079975010907963492?s=20