ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەڕێگەی وشکانییەوە ئێرانیان بەجێ هێشت و گەڕانەوە بێ ئەوەی بتوانن بچنە نێو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، بەهۆکاری ئەمنی، تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئێرانیان بەجێهێشت و گەڕانەوە، بەمەش کۆتاییان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئاژانسەکە و ئێران هێنا.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە، تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی لە ترسی سەلامەتیی گیانی خۆیان ئێرانیان بەجێهێشت، ڕۆژنامەکە دەشڵێت: تیمەکە لەڕێگەی وشکانییەوە ئێرانیان جێهێشتووە لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی دەستی پێکردەوە پاش ئەوەی لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە وەستابوو، ئاماژە بەوەش دەکات، تیمەکە نەیانتوانیووە بگەنە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام توانییان چاودێرانی خۆیان بپارێزن.