وڵاتی ئارژانتین لە بڕیارێکی مێژووییدا هێزی قودسی سپای پاسداران و ١٣ کەسایەتیی پێوەندیدار لەگەڵ باڵی دەرەکیی ئەو هێزەی خستە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە.
خاویێر میلی سەرۆککۆماری ئارژانتین ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی هێزی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیم و ١٣ کەسایەتیی پێوەندیدار بە باڵی دەرەکیی سپای پاسدارانی پەسەند کرد.
لەو بڕیارەی سەرۆککۆماری ئارژانتیندا هاتووە کە هێزی قودس وەک بەشێک لە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی پسپۆڕانە لە بارهێنان، ڕێکخستن و پشتیوانیی عەمەڵیاتە تێرۆریستییەکانی دەرەوەی ئێران چالاکی دەکات.
دەقی بەیاننامەكە ئاماژەی بە مێژووی چالاکییەکانی سپای قودس لەو وڵاتە و هێرشە کوشندەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٣٧٠ و ناوەندی هاوکاریی جولەکەکانی ئەرجەنتین کە بە ئامیا ناسراوە لە ساڵی ١٣٧٣ كردووە.