ڕۆژی دووشەممە ئیمارات ڕایگەیاند تۆڕێکی تێرۆریستیی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامییان پاش دۆزینەوە هەڵوەشاندۆتەوە و ئەندامانی ئەو تیمەیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵات دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئیمارات (وام)، ئەم گرووپە بەنیازی ئەوە بوون لە ڕێگەی "ڕاکێشان و کۆکردنەوەی هێز" لە شوێنە هەستیارەکاندا، کاری تێکدەرانە و تیرۆریستی بکەن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەندامانی ئەم تۆڕە بە نهێنی كاریان كردووە، لەوانە پلاندانان بۆ کردەوەی تێرۆریستی لەنێو خاکی ئیماراتدا و ئامانجی سەرەکییان "لێدان لە یەکڕیزیی نیشتمانی و تێکدانی سەقامگیریی" وڵات بووە. بەرپرسانی ئیمارات گوتوویانە ئەم گرووپە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبووە.