ڕۆژی یەکشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی واحید بروومەند لە پیرانشار و دەستبەسەریان کردووە.
واحید بروومەند و عزەدین پەس و پیش، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار و سەید ئەنوەر عەلەوی خەڵکی شنۆ، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
هاوکات ئەو هێزانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی عزەدین پەس و پیش و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەید ئەنوەر عەلەوی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
واحید بروومەند، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. ڕاپۆرتە گەیشتووەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە حکومەتییەکانی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، وێڕای دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگرتنی سەیدئەنوەر عەلەوی، واحید بروومەند و عزەدین پاشوپێش لەبەر دەستدا نییە.