وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگای میدیایی «بیبیسی»، هۆشداری دا کە نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمان لە هەڕەشە و گوتارە بێ بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بترسن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەو دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت گوێ بۆ خۆهەڵکێشان و زێدەڕۆییەکانی ئێران بگیرێت، چونکە بە بڕوای ئەو، ئەو جۆرە قسانە تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی و پڕوپاگەندە دەکرێن و نابێت ببنە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ بەریتانیا یان هاوپەیمانەکانی.
ستریتینگ سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو گوتی: «بەریتانیا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی ئێران کە ئاراستەی ئێمە یان هاوپەیمانەکانمان بکرێت، ئەو ئامادەییەش وەک ستراتیجێکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە».
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی بەریتانیا، ناوبراو بە تووندی ڕەتیکردەوە کە بەریتانیا ملکەچی ئەو جۆرە هەڕەشانە ببێت و دووپاتی کردەوە: «پێویستە بە جیدی و زیاتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان سەیری ئەو خۆهەڵکێشانانە نەکەین، بە هیچ کلۆجێک نابێت ڕێگە بدەین ئەو گوتارانە کاریگەرییان لەسەر بڕیار و هەڵوێستەکانمان هەبێت».
هاوکات، لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ڕێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەرگری، سوود لەو بنکە سەربازییانەی بەریتانیا وەربگرن کە هێز و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایان تێدا جێگیر کراوە. ئەم هەنگاوەی لەندەن وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ پتەوبوونی پەیوەندییە سەربازییەکان و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە ئاستی ناوچەکەدا لێک دەدرێتەوە.