هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییان، دوو هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی بۆکان و میاندواو دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ٢٣ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان بەبێ پێشکەشکردنی هیچ بڕیارێکی دادوەری، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «ئومێد چاوباز» تەمەن ٤٥ ساڵ و دەستبەسەریان کرد.
هاوکات لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە شاری میاندواو، گەنجێکی ٢٣ ساڵەی خەڵکی گوندی «گامێشگۆلی»یان بە ناوی «محەممەد حاجیزادە» دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە، یان ئەو شوێنەی بۆی ڕاگوێزراون، لەبەردەستدا نییە و چارەنووسیان ناڕوونە.
دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستی پێ کردووە و بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانیش لە دۆخێکی نادیار و نیگەرانیدا دەژین.