پیر پالیڤ، ڕێبەری حیزبی پارێزگاران و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی کانادا، بە توندی داوای کرد کە سەرجەم دەستوپەیوند و بەکرێگیراوانی سپای پاسدارانی ئێران لە خاکی ئەو وڵاتەدا بناسرێن و بەپەلە دەر بکرێن.
پالیڤ لە پەیامێکدا کە ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیار و گومانلێکراوی سەرەکییە لە تەمویلکردن و ئاراستەکردنی کردەوە تێرۆریستییەکان، تەقەکردن و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی ناو خاکی کانادا.
بە وتەی ناوبراو، ئەو کردەوانە ئامانجگەلی وەک کەنیسەی جووەکان، دامەزراوە پەروەردەییەکان، شوێنە بازرگانییەکان و تەنانەت کۆنسوڵگەریی ئەمریکاشیان لە کانادا کردووەتە ئامانجی پەلامار.
ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی کانادا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو هەوڵانە ڕاستەوخۆ دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییانی جوو و نەیارانی کۆماری ئیسلامی، ڕای گەیاند: "ئەو بەکرێگیراوانەی سپای پاسداران کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە کانادان، دەبێت دەستبەجێ بناسرێن و ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەرکردنیان لە وڵات بگیرێتە بەر."
ئەم داواکارییەی پالیڤ لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە دروستکردنی کەشێکی ناسەقامگیر و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ناوخۆی کانادا دەکەن، بابەتێک کە بووەتە جێگەی نیگەرانیی قووڵی سیاسی و ئەمنیی لەو وڵاتەدا.