نەورۆز وەک هێمای خۆڕاگریی نەتەوەیی کورد، پەیامی نەورۆزی پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێ و نەروزۆەوە.
گەلی ئازادیخوازی کوردستان
پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ناوخۆ و تاراوگە
ژنان، لاوان، ڕۆشنبیران، کەسایەتییەکان و سەرجەم چین و توێژە ستەملێکراوەکانی کوردستان!
بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، بەندییە سیاسییەکان و قوربانیانی دەستی تاوانکاریی داگیرکەران
ساڵی نوێ و نەورۆزتان پیرۆز بێت.
نەورۆز هێمای خۆڕاگریی نەتەوەیی کورد، هەمیشە بووەتە مایەی لرزە و سام بۆ داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان. لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشتدا، کڵپەی ئاگری تۆڵەی کوردەواری دەچێتە ناو ماڵی داگیرکەران و دەسەڵاتی ستەمیان دەسووتێنێت. کورد لە نەورۆزدا، جارێکی تر بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین خۆی تەیار دەکات و کۆڵنەدان و بوێریی خۆی تاقی دەکاتەوە؛ بە واتایەکی تر، کورد لە هەر نەورۆزێکدا بە گیانی فیداکاری بۆ نیشتمانەکەی، لەدایک دەبێتەوە. ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی نەورۆز دەکەینەوە کە ناوچەکە و ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە هەنگاو دەنێن. زنجیرەکانی داگیرکەران ئەوەندە سست بوون کە ڕژێمی کۆنەپەرستی ئایینی لەوپەڕی دەستەوەستانیدایە لە ئاست گیانی بەرخودانی گەلەکەماندا. ئەم ڕژێمە لە هەموو کات و ساتێکی تەمەنی خۆی بێورەتر و لاوازترە و ئێران بەرەو لێواری هەرەسهێنان دەچێت. ئەمەش جێی دڵخۆشییە کە لەم هەزارە نوێیەدا، کورد بەرەو ڕزگاریی یەکجاری لە داوی داگیرکاری و ژێردەستەیی هەنگاو دەنێت. پێویستە نەورۆزی ئەمساڵمان وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت؛ دەبێت بە کۆمەڵە چالاکییەکی یەکگرتووانە، داگیرکەران لە ئاست ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەکەماندا بەچۆکدا بهێنین. با نەورۆزی ئەمساڵمان ببێتە "نەورۆزی خۆڕاگریی نەتەوەیی و یەکخستنی ڕیزەکانی گەل بۆ ڕزگاری". نەورۆز نیشانەی ڕەسەنایەتیی کوردە. کورد لە نەورۆزدا وەک سروشت، خۆی لە ژەنگی داگیرکاری دادەماڵێت. هیوادارین ئەمە دوایین نەورۆز بێت کە تێیدا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بێبەش بین لە ماف و سەروەرییەکانمان.
بە ناوی پارتی لیبراڵ دیموکراتی کوردستانەوە، جارێکی دیکە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیتان پیرۆز بێت. بەو هیوایەی ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئازادی و سەرکەوتنی کۆتایی بۆ گەلەکەمان.
پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان
٢٩ی رەشەممەی ٢٧٢٥ی کوردی