لە کردەوەیەکی تاوانکارانەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، شوێنی نیشتەجێبوونی دوو برای تێکۆشەر لە لایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج. لەم پەلامارە چەکدارییەدا، مەیستەم وێسی و موجتەبا وێسی، دوو چالاکوانی فەرهەنگیی کورد، خەڵکی کرماشان، گیانیان بەخت کرد.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، نزیکەی کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان، ئەفسەرانی ئەمنیی گەمارۆی ئەو شوێنەیان داوە کە ئەو دوو برایە تێیدا بوون لە گوندی «قەڵخانی»ی سەر بە دەڵاهۆ. بەداخەوە، هێزە چەکدارەکان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە و دەرفەتێک بۆ خۆبەدەستەوەدان، تەقەیان لەو شوێنە کردووە. توندیی تەقەکردنەکە بە جۆرێک بووە کە هەردوو چالاکوانەکە هەر لە ساتەکانی یەکەمدا گیانیان لە دەست داوە. هەروەها هەواڵەکان باس لە چارەنووسی نادیاری یەکێک لە هاوەڵانی ئەو دوو برایە دەکەن. هێزە ئەمنییەکان لەم پەلامارەدا فەرشاد حاتەمپووریان بێسەروشوێن کردووە. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش، هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی مانەوە، باری تەندروستی و ئەگەری دەستگیرکرانی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.