پارتی لیبراڵ دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات. ئەمەش دەقی پەیامەکەیە
هێرشی ناڕەوای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، و بارەگای ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین؛ ئەم هێرشانە پەلامارێکە بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکان و پێگە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەییمانە.
بەئامانجگرتنی دامەزراوەکان هەنگاوێکی مەترسیدارە و تەنیا دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخی سیاسی و هەڕەشەکردن بۆ سەر ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە؛ لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەمیشە بژاردەی سەرەکیی خۆی کردووەتە دانوستان و چارەسەریی ئاشتییانە بۆ سەرجەم کێشەکان.
"وەک "پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان"، بە پێویستی دەزانین ڕای بگەیەنین کە ئەم جۆرە کردەوانە هەرگیز ناتوانن ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و بەردەوامبوون لەسەر ڕێچکەی نیشتمانی و یاسایی لاواز بکەن. لەم سۆنگەیەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکوومەتی فیدراڵی عێراق و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەم دەستدرێژییە ئاشکرایانە و هەڵوێستێکی کردەیییان هەبێت.
پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان
٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ کوردی