ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەکخستنی پشکنینەکان لە ئێران دەربڕی و ڕای گەیاند: ماوەی هەژدە مانگە ئاژانسەکەی هیچ زانیارییەکی وردی لەسەر یەدەگی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە لەبەردەستدا نییە.
لەو گوتارەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی دەستەی پارێزگارانی ئاژانسەکەدا پێشکەشی کرد، گرۆسی جەختی لەوە کردەوە کە جگە لە وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بووشەهر، ئێران هیچ زانیارییەکی نوێی لەسەر دۆخی مادە و بنکە ئەتۆمییەکانی دیکە پێشکەش نەکردووە و بەربەستی ئەوتۆی خستووەتە بەردەم پشکنەران، کە ڕێگەیان پێ نادرێت بەشێوەی مەیدانی چاودێریی دامەزراوەکان بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە کرد: نزیکەی ساڵ و نیوێکە بە تەواوی ئاگاداری قەبارە و دۆخی ئەو ئۆرانیۆمە نین کە تا ئاستی شەست لەسەد پیتێنراوە. ناوبراو هۆشداری دا کە لەبەر نەبوونی چاودێریی ورد، ئاژانسەکەی ناتوانێت دڵنیایی بدات کە هیچ بەشێک لەو مادە ئەتۆمییانە بۆ مەبەستی سەربازی بەکار نەهێنراون یان ئاراستەیان نەگۆڕدراوە.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، گرۆسی داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد کە خێرا دەست بە دیپلۆماسییەتی نوێ بکەن و هەنگاوی کردەیی و قۆناخبەقۆناخ بگرنە بەر، تاوەکو ڕێگە بۆ گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسەکە بۆ ئەو وڵاتە خۆش ببێت و ڕەوشی پرسی ئەتۆمیی ئێران لە چوارچێوەی شەفافییەتی نێودەوڵەتیدا ڕێک بخرێتەوە.