خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییانە بۆ دەستەواژە سیاسییەکان.
لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخدا، چەمک و زاراوەکان وەک ئاوێنەیەک وان بۆ دەرخستنی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆز و ناڕوونانەی لە نێوان دەسەڵات و نەیارەکانیدا هەن. هەندێک لەم زاراوانە بە تێپەڕبوونی کات جێگیر دەبن و دەچنە ناو فەرهەنگی سیاسیی ڕۆژانەوە، هەندێکی تریان هێشتا لە قۆناغی تەمومژاویدان. دوو لەو چەمکانەی ئەمڕۆ پێویستییان بە وردبوونەوەی زیاترە،"ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو" و "دوژمنی نیابەتی"ن.
ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو؛ شانۆگەرییەکی سیاسی زاراوەی "ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو" ئاماژەیە بۆ ئەو گروپ، پارت یان کەسایەتییانەی کە لە ڕواڵەتدا بەرەی دژایەتییان گرتووە و دروشمی گۆڕانکاری و ڕەخنە لە دەسەڵات بەرز دەکەنەوە. بەڵام لە واقیعی سیاسی و لە پشت پەردەکاندا، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە یان ڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە ئاراستە دەکرێت، یان بە جۆرێک سنووردار کراوە کە نەتوانێت لەو بازنەیەی بۆی کێشراوە دەربچێت. ئەم ئۆپۆزسیۆنە وەک "سوپاپ"ێک کار دەکات؛ بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕێگەی کەناڵی پارێزراوەوە بەتاڵ بکرێنەوە و ڕێگە لە هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بگیرێت.
لەم حاڵەتەدا، دەسەڵات بە ناوی فرەیی و دیموکراسییەوە، ڕێگە بە بوونی ئەو جۆرە نەیارانە دەدات کە لە بنەڕەتدا پارێزەری مانەوەی خودی دەسەڵاتەکەن.
هێزی نیابەتی و گەشەکردنی زاراوەکە نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر، زاراوەی "هێزی نیابەتی" وەک دەستەواژەیەکی تۆمەتبارکەر و بۆ شێواندنی وێنەی لایەنەکان لە ئەدەبیاتی سیاسیی ڕژیمەکاندا بەکاردەهات. بەڵام ئەمڕۆ ئەم زاراوەیە بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە شیکارییە ستراتیژییەکان و بەبێ هیچ تێبینییەکی پێشوەختە وەک چەمکێکی زانستی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی کە لە بری دەوڵەت یان دەسەڵاتێک شەڕ دەکەن، بەکاردێت.
کێشەی نەناسرانی "دوژمنی نیابەتی" بە پێچەوانەی هێزی نیابەتی، چەمکی "دوژمنی نیابەتی' هێشتا وەک پێویست لە گۆڕەپانی سیاسی و میدیاییدا نەناسراوە. دوژمنی نیابەتی ئەو گروپ، بزووتنەوە، یان تەنانەت دەوڵەتەیە کە لەلایەن دەسەڵاتێکی "پشت پەردە"وە دروست دەکرێت، بەهێز دەکرێت، یان بە ئاراستەی دیاریکراودا دەبردرێت.
جیاوازیی ورد و گرنگ لە نێوان "هێزی نیابەتی" و "دوژمنی نیابەتی"دا هەیە کە زۆرجار تێکەڵ دەکرێن:
١- هێزی نیابەتی:
زیاتر لە چوارچێوەی سەربازی و ئەمنیدا بەکاردێت و کەسێکە کە ئەرکێکی دیاریکراو بۆ دەسەڵاتێکی تر ئەنجام دەدات.
٢-دوژمنی نیابەتی:
چەمکێکی قوڵترە؛ ئەمە ئەو "دوژمنە دروستکراوەیە" کە دەسەڵات بۆ یەکگرتوویی ناوخۆیی و پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوتکارییەکان پێویستی پێیەتی. دەسەڵات خۆی "دوژمنێک" دروست دەکات، میدیاکانی بۆ گەورە دەکات و پاشان بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوژمنە، ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە یان پەلاماری ناوچە و لایەنی تر دەدات.
دەرەنجام
ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم ئاڵۆزییەکی گەورەداین؛ چونکە توانای جیاکردنەوەی "ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو" لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە، و "دوژمنی نیابەتی" لە دوژمنی واقعیمان نییە. تێکەڵکردنی ئەم زاراوانە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتی و چاودێری سیاسی بکەونە تەڵەی ئەو گەمە سیاسییەی کە دەسەڵاتەکان بە مەبەستی مانەوەی خۆیان دایان ڕشتووە. پێویستە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردی لەم ئاستەوە بەرەو ڕۆشنگەرییەکی زیاتر بڕوات و بتوانێت ئەو هێڵە تەنکەی نێوان دەستکرد و سروشتی، ڕاستەقینە و نیابەتی جیابکاتەوە.