ڕۆژی هەینی، ١٩ی پووشپەڕ، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لە بنکەی سەرەکیی خۆی، جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ کات و بارودۆخێکدا نابێت دەستی بە چەکی ناوەکی بگات.
لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە کۆی دەنگ لەسەر بڕیارەکان دژی کۆماری ئیسلامی هاوڕا بوون.
هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنەکە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی شەڕفرۆشییەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیم، دۆخی ئاڵۆزی گەرووی هورمز، هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و نەبوونی ئامارێکی دروست لەبارەی بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراو دەربڕی.
لە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیدا هاتووە کە هەتا ئێستا لەسەر دۆخی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕێژیمی ئێران، بڕ و شوێنی ڕاگرتنەکەی زانیاریی ڕوون لەبەر دەستدا نییە. جێگری نوێنەری ئەمریکاش لەو ئەنجومەنە، سەبارەت بە هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ژێرخانی سەربازی، ئابووری و کەشتییە بازرگانییەکان هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران جارێکی دیکە بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا بە دڵنیاییەوە بە توندی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.