ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە زانیاری و ڕای گشتی، بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە.
سۆشیال میدیا چیتر تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو بووەتە ئاوێنەیەک کە بەشێکی زۆری وێنەی ژیان، بیرکردنەوە و بڕیارەکانی ئێمە، بەتایبەت گەنجان، ڕێک دەخات. ئەم دۆخە وای لێ کردووین مرۆڤ ئاسانتر بکەوێتە داوی «هەواڵی ساختە» یان «کاریگەریی دەروونیی بەکۆمەڵ». بۆ ئەوەی نەبینە دیلی ئەو جیهانە مەجازییە، پێویستە ڕێچکەیەکی هۆشیارانە بگرینە بەر. لێرەدا کۆمەڵێک هەنگاوی پراکتیکی و فیکری دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی چیتر هەرچی بیسترا و بینرا، بە ڕاستی لە قەڵەم نەدەین:
١. گومان، سەرەتای زانینە" یەکەم هەنگاو بۆ خۆپارێزی، دوورکەوتنەوەیە لە «بڕوای کوێرانە». کاتێک بابەتێک، ڤیدیۆیەک یان بۆچوونێک دەبینیت، هەمیشە پرسیاری «بۆچی؟» و «لە کوێوە؟» بکە. بزانە ئایا ئەو سەرچاوەیەی زانیارییەکەی بڵاو کردووەتەوە، جێگەی متمانەیە؟ ئایا مەبەستی ڕاگەیاندنی ڕاستییە، یان تەنیا دەیەوێت سۆز و هەست و نەستی تۆ بجووڵێنێت؟ گومانکردن لەم ئاستەدا نیشانەی دواکەوتوویی نییە، بەڵکو نیشانەی «هۆشیاریی ڕەخنەییە.
٢. بەکارهێنانی «پاڵێوی ڕەخنەیی»" هەموو ئەوەی لە تۆڕەکاندا دەبینرێت، ڕاستی نییە. زۆرجار وێنە و ڤیدیۆکان بۆ مەبەستی دیاریکراو دەستکاری دەکرێن. فێر بە کە لە نێوان «هەستکردن» و «بیرکردنەوە»دا جیاوازی بکەیت. سۆشیال میدیا زۆرجار هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی سۆز و تووڕەیی، بەشی مەنتقیی مێشکی تۆ بکوژێنێتەوە. کاتێک شتێک دەخوێنیتەوە و هەست بە تووڕەیی یان شۆکێکی زۆر دەکەیت، ئەوە نیشانەیەکی دیارە کە دەبێت ڕاوەستیت و بە ئارامی پێداچوونەوە بۆ سەرچاوەکە بکەیت.
٣. سنووردارکردنی کات و ناوەڕۆک" بەردەوام لە نێو تۆڕەکاندا بوون، وا دەکات مێشک بەشێوەیەکی خۆکارانە ئەو زانیارییانە وەربگرێت کە دەیبینێت. پێویستە خۆت بەدوور بگریت لەو پەڕانەی کە تەنیا کاریان بڵاوکردنەوەی ژەهری فیکری و بەراوردکاریی نادادپەروەرانەیە. ئەو کەسانەی بەردەوام وێنەی ژیانی «تەواو و بێ کەموکوڕی» بڵاو دەکەن، ڕاستییەکەی تەنیا بەشێکی بچووکی ژیانیان نیشان دەدەن. خۆت بەو ژیانە دەستکردانە بەراورد مەکە، چونکە بەراوردکردن کوژەری ئارامیی دەروونییە.
٤. گەڕان بەدوای ڕاستیدا (سەرچاوەی جێگرەوە)" ئەگەر بابەتێک زۆر گرنگ بوو، هەرگیز تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە مەبەستە. بگەڕێ بۆ سەرچاوەی دیکە. ئایا میدیا پیشەییەکان باسی دەکەن؟ ئایا ڕاستییەکەی بەو شێوەیەیە کە لە سۆشیال میدیا باسی دەکرێت؟ کاتێک زانیاری لە چەند سەرچاوەی جیاوازەوە وەردەگریت، وێنەکە بۆت ڕوونتر دەبێتەوە. "
٥. گەشەپێدانی «هۆشیاریی ناخ»" تا ئەو کاتەی مرۆڤ خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و پڕ لە فەرهەنگ و زانیاری نەبێت، زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دەوروبەر. خوێندنەوەی کتێب، گرنگیدان بە هونەر و ئاشنابوون بە زانستەکان، دەبێتە قەڵغانێک بۆ عەقڵی تۆ. مرۆڤێک کە دنیای ناوەوەی دەوڵەمەند بێت، پێویستی بەوە نییە لە نێو سۆشیال میدیا بەدوای شوناس یان ڕاستیدا بگەڕێت.
دەرەنجام
سۆشیال میدیا وەک ئاوایە؛ دەتوانیت لێی بخۆیتەوە و تینوویێتیت بشکێنیت، یان ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکەیت، دەتوانێت بتخنکێنێت. ئازادیی فیکری لەوەدایە کە تۆ بڕیار بدەیت چی بچێتە مێشکتەوە، نەک ئەوەی سۆشیال میدیا بەزۆر ئەو زانیارییانەت پێ بفرۆشێت. هۆشیاریی تۆ، گەورەترین چەکی تۆیە لە بەرامبەر شەپۆلی شێواندنی ڕاستییەکان.