پەیامی پیرۆزبایی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پژاک.
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەندامان، گەریلاکان، لایەنگران، تێکۆشەران و تەواوی گەلی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٤ەوە، پژاک بە دروشمی "ژیانێکی ئازاد" پێی نایە ناو کایەی تێکۆشانی گەلی کوردەوە. ئەم پارتە لەسەر بنەمای بیرۆکەی دیموکراسی، یەکسانی، ئازادیی ژنان و مافە نەتەوەیییەکان دامەزرا و بوو بە دەنگێکی ڕەسا لە دژی ستەم و چەوسانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەی تێکۆشانیدا، بە بەرگەیگرتنی سەختییەکان و بەخشینی قوربانیی گەورە، لە خەبات بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات، ئازاد و دادپەروەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەر ئاستی گشتیی ئێرانیشدا بەردەوام بووە. پژاک نەک تەنیا بۆ مافەکانی گەلی کورد، بەڵکوو بۆ ئازادیی سەرجەم گەلانی بنەدەست لە ئێران تێکۆشاوە و هەنگاوی گرنگی بۆ یەکڕیزی و کۆدەنگیی نیشتمانی هەڵناوە. ئەم یەکگرتوویی و هاوکارییە، نیشانەیەکی ڕوونی ئەوەیە کە تێکۆشانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەو قۆناغێکی بەهێزتر و کاریگەرتر هەنگاو دەنێت.
دووبارە بە ناوی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم تێکۆشەرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەکەین. لەم بارودۆخە هەستیار و پڕ لە ئاستەنگەی ناوچەکەدا، پێویستە زیاتر لە هەمیشە یەکگرتوو بین و لەسەر خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیییەکانی گەلەکەمان سوور و بەردەوام بین.
پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان
١٤ی خاکە لێوەی ٢٧٢٦ کوردی