ڕێکخراوی «لێبووردنی نێودەوڵەتی» لە دووەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و لە ڕاپۆرتێکدا ڕای گەیاند: دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک «بکەرانی کوشتار» لە ڕێگەی داڕشتنی هێرشێکی ڕێکخراو و سیستەماتیک بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی»یان ئەنجام داوە.
ڕاپۆرتە ١١٤٩ پەڕەییەکەی لێبووردنی نێودەوڵەتی، کە لەژێر ناوی «داڕێژەرانی تاوان» لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە لەندەن پەردەی لەسەر لادرا، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە لە هەزاران بەڵگەنامە و وتەی ٢٧٠ شایەتحاڵ، ئاشکرای دەکات کە هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی سیاسی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی، دەستیان داوەتە کوشتار، ئەشکەنجە، دەستدرێژیی سێکسی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.
ئەگنێس کالامار، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە جەختی کردەوە کە بەڵگەکان هیچ گومانێک ناهێڵنەوە لەوەی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازی، پەنایان بردووەتە بەر هێزی کوشندە. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی تایبەت و بە مەبەستی جیاکاریی نەتەوەیی، سەرکوتی خوێناویی بەسەر پێکهاتەکانی کورد و بەلووچدا سەپاندووە. بڵاوکردنەوەی چەکی قورس و قەناسەبەدەست لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ورمێ بە نموونەی ئاشکرای ئەم تاوانانە ئەژمار کراون.
لێبووردنی نێودەوڵەتی ناوی ٨٧ بەرپرسی باڵای ڕێژیمی (لەوانە فەرماندەکانی سپای پاسداران، فەراجا و وەزارەتی نێوخۆ) ئاشکرا کردووە کە دەبێت ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی دادوەریی نێودەوڵەتی ببنەوە. سکرتێری گشتیی لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دا کە بەردەوامیی ئەم تاوانانە ئاکامی «دەربازبوون لە سزا»یە و داوای لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادوەرانی سەرانسەری جیهان کرد دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی پێک بهێنن و فەرمانی دەسبەسەرکردن بۆ تۆمەتبارانی سەرەکیی کوشتارەکانی ئێران دەر بکەن.