نیهاد میرۆزادە، خەڵکی گوندی سوڵتانی سەر بە ناوچەی سۆمابرادۆستی ورمێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەرنیهاد، کوڕی ئەكرەم میرۆزادە، تەمەن ٢١ ساڵانی و دانیشتووی ناوچە گوندنشینەكانی ورمێ بوو کە تەنها چەند مانگێک لە دەورانی سەربازیی تێپەڕاندبوو. سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن، ناوبراو لە فشاری دەروونیی توند، ژینگەی سەركوتكەری پادگان و کێشەی ئابووری لە نێوان سەربازەکان و هەڵاواردنی پێکهاتەیی ئازاری دەبینی.
شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاریی چارەسەری دەروونی، گوشار لەسەر سەربازان و سیاسەتی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیدا داوە. بە تایبەتی سەربازانی ناوچە بێبەشەکانی وەک کوردستان ناچار دەکرێن لە ناوچە دوورەدەستەکاندا و لە ژێر بارودۆخی سەخت و نادادپەروەرانەدا خزمەت بکەن، لە کاتێکدا لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكان بێبەشن.