ئەم پلاتفۆرمە لە لایەن پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستانەوە پێشکەش بەو لایەنەسیاسیانی رۆژەڵاتی کوردستان کرا کە بەشداری کۆنگردی نەتەوەی بوون، کۆنگرەی نەتەوەی کەبریار بوو مانگی ٩ ساڵی ٢٠١٣بەبەسترێت لە لایەن بەرێز مەسعود بەرزانیەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو ئەم کۆنگرەیە بە بەشداری لایەنە سیاسی و کەسایەتیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
“ئەنجومەنی كاتی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان”
پێش بەرایی:
بە مەبەستی یەكخستنی ماڵی كورد و پاراستنی هێزەكان و ئاگاداركردنەوەی رای گشتی، بەشێك لە پلاتفۆرمە تازەكانی خۆمان دەخەینە بەردەمی رای گشتی كوردستان. بەو هیوایەی بتوانین بە بیرۆكەی نەتەوەیییانەی خۆمان بەشێك لە بۆشایییەكانی سیاسەتی كوردى بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان پڕبكەینەوە ، و هیوامان وایە پێشوازییەكی گەرمی لە لایەن هێز و لایەنە سیاسییەكانەوە لێبكرێت. بەو مەبەستەش دامەزراندنی ئەنجومەنێكی كاتی بەپێویست دەزانین.
لەگەل ئەوەیدا”ئەنجومەنی كاتی” مڵكی هەموو نەتەوە بندەستەكانی ئێران و ئەو لایەن و نەتەوانهی كە باوەڕی تەواویان بە مافی یەكلاییكەرەوەی كێشەی نەتەوەكانی بندەست لە ئێراندایە و دەتوانێ ئاڵتێرناتیڤی بێ كێشە و یەكجاریی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بێت، كەچی بۆ پاراستنی یەكڕیزیی ماڵی كوردیش بوونی ئەم ئەنجومەنە دەتوانێ كاریگەریی ئەرێنی ببێ و رێگا لە دووپاتبوونەوەی هەڵەكانی رابردوومان بگرێت. واتە هێنانەبەرباسی كێشەكان لە تاراوگە و لە ناوەندێكی سیاسیی رۆڵگێڕدا دەبێتە هۆی دووپاتنەبوونەوەی شەڕی سوێنەرو بەفێڕۆدەری هێزەكانی كورد و دەستی بەرژەوەندكارانی ماڵی دوژمن لە ناوماندا كورت دەكاتەوە. یانی ئێمە دەتوانین هەم پێگە و ئایدیاو رەوشی حیزبیی خۆمان بپارێزین و هەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانیشمان چارەسەر بكەین.
بەرایی:
لە ئەگەری دروستبوونی هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێكی بنەڕەتیدا لە ئێران، كورد دەبێ دەستپێشخەری بكات و ئەم هەنگاوە گەورەیەش بە مانای ئەوە دێت كە خۆمان توندوتۆڵ بكەینەوە، مەبا دیسان وەكو ساڵانی 1357-1358 مان لێ بەسەر بێتەوە.
كورد ئەتوانێ لە ئەزموونەكانی رابردووی خۆی كەڵك وەربگرێ و هەڵەی كوشندەی رابردوویش دووپات نەكاتەوە.
سێ نموونەی زۆر ئاشكرای رۆژئاوا و باشوور و باكوور بۆ بەرچاوڕوونیی ئێمەی كوردی رۆژهەڵات گرنگن.
1- كاتێك ئەنجومەنی نیشتمانی لە سووریا دروست بوو، بەدیتنی یەكگرتوویی ریزەكانی كورد وبوونی ئەنجومەنێكی كوردیی یەكگرتووی پێكهاتوو لە کۆمەڵێک پارت و لایەنی جیاواز، ئیتر گومانی بۆ رای گشتی كورد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و تەنانەت دنیای دەرەوەش نەهێشتەوە و لە هەمانكاتیشدا بەشار ئەسەدیش بەو بابەتە هەستیارەی زانی كە كورد قورسایی خۆی هەیە، بۆیە كورد و مافەكانی هاتە ناو ریزبەندیی بەرنامەكانەوە.
2- لە باشووری كوردستان و لە دوو قۆناغی جیاوازدا ئێمە هێزی كوردمان بینی و ئاستەكەیمان تاقی كردەوە.
لە قۆناغی یەكەمدا كە قۆناغی شەڕی ناوخۆ بوو، هێزەكانمان لەگەڵ یەكتردا و لە بەرانبەركێیەكی خراپتردا بە خۆمان دۆڕان. واتە ئێمە لە جێگەی بەكارهێنانی هێز لە بەرانبەر هێرشی بێگانەدا و پاراستنی ئاسایشی خۆمان، ئاسایشی خۆمان بە هێزی خۆیی تێك دا و لە هەمانكاتیشدا متمانەدەرەكییەكانمان لە كورد و بەدەستی خۆمان ئەستاندەوە. ئەوە بوو ئاوەدانییەك لە قۆناغی یەكەمدا زۆر بە چڕی نەكرا.
لە قۆناغی دووهەمدا كە قۆناغی “ئاشتی نیشتمانی و دیالۆگ و خەباتی شارستانییانە” بوو، پێشكەوتنی بەرچاو هاتە كایەوە. لە ئاستی جیهانی و ناوچەییشدا كورد بوو بە كاراكتەرێكی یەكلاییكەرەوە و ئیتر گوێیان لەداخوازەكانمان گرت.
3- لە باكووری كوردستان هەتا ساڵەكانی سەرەتای ئەم سەدەیەش حەسێبی ئەوتۆ بۆ كورد نەدەكرا. سیاسەتی تورك بەرانبەر بەكورد، كوشتنی هێزی گەریلا و ئۆپەراسیۆن كردن بۆ ناوچە سنوورییەكان و لە هەمانكاتیشدا سەپاندنی كەشێكی دژوار و ناخۆش بەسەر ناوچەكوردییەكاندا بوو.
بە پێویستی دەزانین لەم كاتە هەستیارەدا كێشە ناوخۆیییەكان وەلابنرێن و بەم شێوازەی خوارەوە ئەنجومەنێكی كاتی بۆ چارەسەریی كێشەكان دروست ببێت. چونكا هەر لە سەرەتای سەدەی تازەوە و دروستبوونی گۆڕانكارییە مەزنە جیهانییەكان، لەو حیكمەتە سیاسییەی وڵاتانی دەرەوە تێگەیشتووین كە ئەوان حەسێب بۆ تاكە لایەن وهێزێك و دوان ناكەن، بەڵكو حەسێب بۆ كورد و رێكخەرانی دەنگەكانی دەكەن.
پێنج جۆری كاراكتەری بەشدار لە ئەنجومەنی نیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا:
پێنج جۆری كاراكتەری بەشدار كە لە كۆمیسیۆنەكانی ئەنجومەندا كار دەكەن و لێژنەكان دروست دەكەن، دەتوانن ئەمانە بن:
1- كۆمیسیۆنی پارت و لایەنە سیاسییەكان.
2- كۆمیسیۆنی كەسایەتییە سیاسی – رۆشنبیرییە سەربەخۆكان.
3- كۆمیسیۆنی خاوەن پێگە و سامانە كوردەكانی دەسەڵاتدار لە رێكخراوە ئابوورییە جیهانییەكاندا.
4- كۆمیسیۆنی رێكخراوە مەدەنی و ژینگە و مرۆڤپارێزەكان
5- كۆمیسیۆنی سەربازی بۆ هەموو ئەو فەرماندەرە كارا و پسپۆڕانەی دەتوانن سوپای كوردستان چالاك بكەن.
لێژنە و ئەنجومەنەكانیش دەتوانن ئەمانە بن.
1- سەركردایەتیی ئەنجومەنی كاتی – كە بە گوێرەی یاسا و بە هەڵبژاردن لە نێوان قەوارەكان دروست دەبێت.
2- لێژنەی دیپلۆماتیك – ئەم كەسانە دانوستانەكان سەرپەرشتی دەكەن و نوێنەری ئەنجومەنن بۆ كاروبارەكان لە دەرەوەی خۆمان.
3- لێژنەی ئایینی و رۆحی – بۆ دزەنەكردنی لایەنە دەرەكییە ناكۆكەكان لەگەڵ دۆزی كورددا، پێویستە لێژنەی فەتوا و رۆحیی ئەنجومەن دروست ببێت.
4- لێژنەی یاسایی – بۆ داڕشتنی یاساكانی هەرێمی رۆژهەڵات و یاساكانی بەڕێوەچوونی ئەنجومەن و لێژنەكانی
5- لێژنەی ئاشتی – بۆ پاراستنی یەكڕیزی نێوخۆمان ئەم كەسانە رۆڵ دەگێڕن.
دیارە بەمەبەستی سڕینەوەی تەمی نێوان قەوارەكان و دروستكردنی متمانە و دڵنیاكردنەوەی رای گشتی كوردستان و رۆژهەڵات بە تایبەتی، لەوەی هەوڵەكان بەرەو ئاراستەیەكی باش دەڕۆن، چونكا پێش لەمەش دەیان هەوڵی چروپر دراوە و ئێمەش دەسخۆشی لەو هەوڵانەدەكەین و بۆ رێزگرتن لە هەوڵی ئەو كەس و لایەنە نەتەوەیییانەش، پێشنیار دەكەین، كۆمەڵە كەسایەتییەكی سەربەخۆ یان نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی تری كوردستانیش نێوبژیوانی بكەن و كورسیی جیاوازیش لەلێژنەكاندا بۆ ئەوان دابنرێت. بە تایبەت لە لێژنەی ئاشتیدا پێویستمان بەو كەسانە دەبێت و وەكو راوێژكاریش دەتوانین لەئەزموونەكانیان كەڵك وەربگرین.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان