ڕاپۆرتێکی نوێی مای ساتو، ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، هۆشداری دەدات لەوەی کە بارودۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە لە ئاستێکی مەترسیداردا ماوەتەوە و زنجیرەیەک پێشێلکاریی بەربڵاو بەردەوامییان هەیە.
لەو ڕاپۆرتەدا، کە چوارچێوەی کاتیی نێوان ڕێبەندانی ١٤٠٤ تا گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی دەگرێتەوە، ساتو ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە دەرەکییەکان و دۆخی شەڕ، کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژەی بە سیاسەتەکانی سەرکوتی ناوخۆیی، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، کوشتاری نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، هەروەها دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی ناڕازییان داوە.
ڕاپۆرتنێرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەزاران هاووڵاتی لە ئێران، چ لە ئەنجامی هێرشە دەرەکییەکان و چ لەبەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، گیانیان لەدەست داوە. ساتو ڕەخنەی توندی لە ئامارەکانی حکومەتی ئێران گرتووە و ڕای گەیاندووە: «ئەو ئامارانەی بەرپرسانی ئێران خستوویانەتە ڕوو، تەنیا پەیوەستن بەو کەسانەی لە هێرشەکاندا کوژراون، بەڵام بە ئەنقەست خۆیان لەو حاڵەتانە دەبوێرن کە هێزەکانی خۆیان دەستیان تێدا هەبووە.»
بەپێی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە، پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، تەنگترکردنی مەودای چالاکییە مەدەنییەکان و پەرەسەندنی کێشە بژێوییەکان، بەشێکی دیکەی ئەو ڕەوشە نالەبارەن کە خەڵکی ئێران پێیدا تێپەڕ دەبن.
مای ساتو لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداری داوە کە بەهۆی پچڕانی تۆڕەکانی پەیوەندی و ئاستەنگەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە وردەکان، ڕاپۆرتەکەی تەنیا بەشێکی کەمی وێنەی ڕاستەقینەی ئەو کارەسات و ئازارانەیە کە لە ئێران دەگوزەرێت و ڕەنگدانەوەی تەواوی بارودۆخی دژواری خەڵک نییە.