بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، کە ئەم یەکیەتییە چەند کەس و دامەزراوەیەکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەهۆی هەڕەشەکردن لە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و شڵەژاندنی هێڵە ئاوییەکان خستووەتە لیستی سزاکانییەوە.
"کایا کالاس" ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی یەکیەتیی ئەورووپا لە قوبرس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئازادیی کەشتیوانی بۆ ئەورووپا "جێی دانوستان نییە" و وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا پێشتر ڕەزامەندییان لەسەر بەرفراوانکردنی سزاکان دژی ئێران نیشان داوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە یەکیەتیی ئەورووپا بەهۆی تێکدانی ئەمنییەتی دەریاکانەوە سزا بەسەر تاراندا دەسەپێنێت؛ پێشتریش ئەم یەکیەتییە چەندین جار داوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هۆرمۆزی کردووە.
کایا کالاس ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت دۆسییەی ئەتۆمی، مووشەکی و پشتگیرییەکانی تاران لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەدا پشتگوێ بخرێن.