گۆڤاری «ئیکۆنۆمیست» بە بڵاوکردنەوەی بەرگی تایبەت بە ساڵی ٢٠٢٧، جارێکی تر سەرنجی دنیای بەلای خۆیدا ڕاکێشا. زۆر کەس ئەم بەرگە وەک پێشبینییەکی ڕەها دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم وێنەیە نەخشەڕێگایەکە بۆ ناسینەوەی گرنگترین مەترسی و ئاڵنگارییەکانی ساڵی داهاتوو. وەک چۆن کاتژمێرێک بە وردی دەخوێنرێتەوە، دەبێت ئەم بەرگەش پارچە پارچە بکەین تا لە پەیامە شاراوەکانی تێبگەین.
۱- دۆخی سیاسی و ئەمنی: لە تڕەمپەوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەوەی بەرگەکە، شەش سەرکردە دەبینرێن، کە بورجەکەی «تڕەمپ» و کاتژمێری لمین، هێمایەکی ڕۆشنن بۆ کۆتاییهاتنی سەردەمێک.
ناونیشانی «فەسڵی کۆتایی تڕەمپ: بە بێدەنگی ناڕوات»، ئاماژەیە بۆ گرژییە سیاسییەکانی ئەمریکا. لە لایەکی ترەوە، لوولەی نەوتی شکاو و زنجیرەکان کە نەوتکێشێکیان گرتووە، پەیامێکی ڕوونی «دوای ئێران»ـە؛ ئەمە واتە هەر گرژییەک لە تەنگەی هورمز، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە جیهاندا.
هەروەها، گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ناتۆ و مەترسییەکانی چین بۆ سەر تایوان، ئەو خاڵە جەمسەرییانەن کە دەتوانن نەزمی جیهانی بگۆڕن و هاوپەیمانێتییەکی نوێ بەرهەم بهێنن.
۲- ئابووری؛ سێبەری قەرز و داڕمان لە ناوەڕاستی بەرگەکەدا، نەخشەیەکی سوور کە بەرەوخوار دەچێت، لەگەڵ دراو و ژیتۆنی کازینۆ، وێنەی ترسناکی دۆخی ئابووری دەردەخەن. قەرزی زۆری دەوڵەتان و گرانبوونی پرۆسەی قەرزکردن، وای کردووە بازاڕی «سەندات» (بەڵگەنامەکانی قەرز) لەبەردەم مەترسیی داڕماندا بێت. ئەم دۆخە ئەگەری گەڕانەوە بۆ سیاسەتی نەقدیی فراوانخوازانە و چاپکردنەوەی پارەی زیاتر بەهێز دەکات، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا قەیرانی متمانە بە بانکی ناوەندی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
۳- تەکنەلۆجیا و ئاڵنگارییە نوێیەکان ژیریی دەستکرد (AI) وەک یەکێک لە مەترسییە دیارەکانی ساڵی ٢٠٢٧ دەردەکەوێت. هۆشی دەستکرد، تەنها ئامرازێکی گەشەکردن نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی هێرشی سایبەری بەربڵاو و چاودێریی توندی سەر هاووڵاتییان. تێکەڵبوونی ڕۆبۆت و ژمارەکان لە بەرگەکەدا، نیشانەی ئەوەیە کە تەکنەلۆجیا خەریکە دەبێتە دووچەقۆ؛ لە لایەک خێرایی بە ژیان دەبەخشێت، لە لایەکی ترەوە ئەمنیەتی دیجیتاڵیمان دەخاتە مەترسییەوە.
٤- ژینگە و تەندروستی «گەرمترین ساڵی مێژوو» جارێکی تر دەبێتەوە سەردێڕی هەواڵەکان. دارستانەکان لە ئاگردا و ئاژەڵەکان لەناو بڵێسەی ئاگر، نیشانەی قەیرانی ژینگەیین. لەپاڵ ئەمەدا، قەیرانی دابینکردنی خۆراک و ڕێکارە نوێکانی کوتان (ڤاکسیناسیۆن)، دەریدەخەن کە مرۆڤایەتی لە ساڵی داهاتوودا لەگەڵ تاقیکردنەوەی سەختی تەندروستی و سروشتیدا بەرەوڕوو دەبێتەوە.
خوێندنەوەی ڕەفتاری بازاڕ بە کورتی، بەرگی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست نەخشەیەک بۆ پێشبینیی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو نەخشەی مەترسییەکانە. پەیامی سەرەکی ئەم بەرگە ئەوەیە.
"ئێمە لە ساڵێکی پڕ لە گۆڕانکاریداین." بۆیە لە جیاتی ئەوەی تەنها بەدوای ناونیشانەکاندا وێڵ بین، پێویستە ڕەفتاری بازاڕەکان، سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان و تەکنەلۆجیا وەک ئاوێنەیەک بۆ تێگەیشتن لە داهاتوو بەکار بهێنین. ئەم ساڵە، ساڵی «هۆشیاری و خۆئامادەکردن»ـە بۆ ئەو پاشلەرزانەی کە لە بنچینەی سیستەمی ئابووری و سیاسیی جیهانیدا دەست پێ دەکەن.
ئاگادارکردنەوە لە یەک تێڕوانیندا خاڵە گرنگەکان
۱. داڕمانی بازاڕەکانی پشک (پشکی کۆمپانیاکان)
۲. گەورەترین هێرشی سایبەری بە ژیریی دەستکرد (AI)
٣- قەیرانی بانکی و هێرشکردنی خەڵک بۆ ڕاکێشانی پارە
۴-هێرشی چین بۆ سەر تایوان یاخود گەمارۆدانی
۵- توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
۶- قەیرانی جیهانیی دابینکردنی نەوت
۷- تەقینی بڵقی (حوبابی) ژیریی دەستکرد
۸- پچڕانی بەرفراوانی کارەبا
۹- ڕێکخستنەوەی سیستەمی دارایی جیهان
۱۰- سەرکەوتنی لوپێن لە هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا
۱۱- خۆپیشاندانی بەرفراوان لە فەڕەنسا
۱۲- توندبوونەوەی پێکدادانی نێوان ڕووسیا و ناتۆ
۱۳- داڕمانی بازاڕی بەڵگەنامەکانی قەرز (سەندات)
۱۴- چاپکردنەوەی پارە نوێ
۱۵- پچڕانی بەرفراوانی پەیوەندییەکان
۱۶- ڕێکارە نوێکانی کوتان (ڤاکسیناسیۆن)
۱۷- کەمیی خۆراک و تێکچوونی پرۆسەی دابینکردنی
۱۸- شەپۆلی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا
۱۹- چاودێریی بەرفراوان بەسەر هاووڵاتییاندا
۲۰- قەیرانی سیاسیی ئەمریکا (تڕەمپ)
۲۱- قەیرانی سیاسیی یەکێتیی ئەورووپا
۲۲- تەشەنەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکان
۲۳- گەشەسەندنی دراوە دیجیتاڵییەکان
۲۴- شێوەگرتنی نەزمی نوێی جیهانی .