ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی، هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا، شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مانگرتنێکی سەرتاسەری و بەربڵاو، یادی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەیان بەرز ڕاگرت.
بەپێی ئەو زانیاری و بەڵگە ڤیدیۆییانەی بە دەست "ڕۆژهەڵات نیۆز" گەیشتوون، شاری سەقز، کە زێدی ژینا ئەمینییە، ئەمڕۆ بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر کاریگەری مانگرتنەوە و دوکان و بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان بەتەواوی داخران.
دۆخی ئەمنیی شارەکەش بەتەواوی لە گرژیدایە. لەلایەکی دیکەوە، هەواڵنێرانی ئێمە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەهاباد، بۆکان و شنۆ، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە شەپۆلی مانگرتنەکە تەنیا تایبەت بە سەقز نەبووە و لەو شارانەشدا هاووڵاتییان و کاسبکاران بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان، هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ ئەم یادکردنەوەیە دەربڕیوە.
ئەم مانگرتنە لە وەڵامی ئەو بانگەوازەدا ئەنجام دراوە کە پێشتر لەلایەن "هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"ـەوە بڵاو کرابووەوە. لەو بانگەوازەدا داوا لە هاووڵاتییان کرابوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکوومەت و ڕێزگرتن لە گیانی ژینا ئەمینی، کار و کاسبییان ڕابگرن و بایکۆتی بازاڕ بکەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دۆخی شارەکان لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدایە و گەڕان و هاتوچۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە ناو شەقام و کۆڵانەکاندا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت.