لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە تاران بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی، مێهرداد محەممەدینیا و ئارمان مەعریفەتی تەمەن ٣٨ ساڵ لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «موحارەبە» لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبوولقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەوە هەواڵانە بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ گەشتووە ئارمان مەعریفەتی لە بەندیخانەی فەشافوویە (تارانی گەورە) و ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ڕاگیراون و سزاکانیان لەم دوایییە لە بەندیخانەدا بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.
ئەم سێ هاووڵاتییە ناڕازییە لە کاتی دادگاییکردندا لە مافی بوونی پارێزەری هەڵبژێردراو و ستانداردەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە بێبەش کراون و سزای سێدارە بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بەسەریاندا سەپاوە.