بەبۆنەی حەڤدە همین ساڵ یادی دامەزرانی پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبای ئاراستە گەلی کورد کرد، "دەقی پەیامەکەیە"
|
|
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
كۆڕو كۆمەڵە سیاسییە كوردستانی و نێودەوڵەتییەكان
ژنان، لاوان، خوێندكاران، رووناكبیران
سڵاوێکی سۆڕشگێرانە
پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزرانی"پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان"
حەڤدە ساڵ لەمەوبەر لە وەھا ڕۆژێکدا، «پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان» هاتە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکەمانەوە. لە وەھا ڕۆژێکدا و بەپێی پێویستییەکی مێژوویی، کە بریتی بوو لە لەدایکبوونەوەی سەردەمیانەی گوتاری سیاسیی کورد لە هەزارەی نوێدا، پارتێک بە پلانێکی کاراوە هاتە مەیدانی ململانێی سیاسیی کوردستانەوە.
کۆمەڵە کەسایەتییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گوتارێکی نەتەوەییی جیاواز لە ڕابردوو، دەستیان دایە تێکۆشانی نوێ؛ بە خۆتازەکردنەوەی پرەنسیپ و کرداری سیاسی، چوونە ناو ململانێی دنیای تازەوە. پێویست بوو داواکارییە نوێیەکان بە شێوازی سەردەمیانە تاوتوێ بکرێن و بە گوتارێکی ئەمرۆیی، هەڵسەنگاندن بۆ خەباتی سیاسیی نەتەوەیەک بکرێت کە ساڵانێکی زۆرە تێکۆشانی کردووە. ئەگەرچی ئاستەنگ و ئاڵۆزییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان توانییان تا ڕادەیەک دەست و پێی ئێمە ببەستن، بەڵام نەیانتوانی تێکۆشانی پارتیمان خاو بکەنەوە و بەرەو وەستان و هەرەسی ببەن. هەر بۆیە ئێستا وەک پارتێکی نەتەوەیی و کارامە، سەرقاڵی تێکۆشانی تایبەتی خۆیەتی.
ئامانجی «پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان» خولقاندنی کەشێکی پڕ لە دیموکراسی، ویژدانی کاری و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیییە کە تێیدا قەرەبووی زیانە مێژووییەکانی تاک و نەتەوەی کورد بکرێتەوە و کۆمەڵگایەک پڕ لە ئاشتی و ئازادی لە جیهانێکی ڕزگارکراودا، وەک ئامانجی بەرزی کوردی هەزارەی نوێ بەدی بێت. کێشەی نەتەوەی کورد تەنیا یەک کێشە نییە؛ کێشەکە تەنیا لابردنی داگیرکاران لە خاکی کوردستان نییە، بەڵکوو کێشەی ئێمە لە دوو بواردا خۆی دەبینێتەوە: "نەبوونی ئازادی لە وڵاتەکەماندا" و "نەبوونی سەروەریی نەتەوەیی". واتە ئەگەر داگیرکاری ئازادییەکانمانی زەوت کردووە، ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین وەک نەتەوە و شوناسێکی جیاواز قبووڵمان بکەن، دان بە سەروەرییەکانماندا بنێن و قەرەبووی زیانەکانی ڕابردوومان بۆ بکەنەوە.
هەوڵی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" ئەوەیە کە شانبەشانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی و عەقڵییەتی پاوانخواز خەبات بکات و لە هەمان کاتیشدا بە دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، سەروەرییەکانی خۆی بچەسپێنێ و لەگەڵیاندا بگاتە ڕێککەوتن. «
"پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" وەک خزمەتکاری نوێی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان، لە حەڤدەیەمین ساڵی دامەزرانی خۆیدا داوا لە هەموو هێزە نەتەوەیی و کوردستانییەکان، تاکە هۆشیار و خاوەن پابەندییە شۆڕشگێڕییەکان دەکات، هاوکارییەکانیان بگەیەننە ئاستێک کە لە ناوخۆدا خاوەنی "هەڵوێست و ویژدانی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتیی کوردستانییانە" و لە دەرەوەش خاوەنی یەکریزی و تەبایی بین، تا بتوانین لە کەمترین کاتدا بە زۆرترین ماف و ئامانجە بەرز و ڕەواکانمان شاد بین.
"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"
١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ کوردی