خولی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا کە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بەفرانبار لە جنێڤ دەستی پێکردبوو، نزیکەی کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ بە كاتی ناوخۆیی کۆتایی هات. تا ئێستا هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەسەر دەرئەنجامی دانوستانەکان نەدا.
هاوکات ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە دیپلۆماتکاران ڕایگەیاند کە پێدەچێت ئێران لەم خولەی دانوستانەکاندا پێشنیاری ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ماوەی سێ ساڵ کردبێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، بە سەرنجدان بەو زیانە گەورەیەی کە لە ئاكامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران کەوتووە، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران توانای پیتاندنی کاریگەرانەی یۆرانیۆمی لە هەلومەرجی ئێستادا نییە. بەڵام واشنتۆن لە پێداگری لەسەر وەستاندنی تەواوەتی پیتاندن لە ئێران بەردەوامە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی دیکە، کۆماری ئیسلامی پێشنیاری وەك پێکهێنانی کۆنسۆرسیۆمی هاوبەشی ناوچەیی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، خۆبەدوورگرتن لە تاقیکردنەوەی مووشەکیی نوێ بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو، کەمکردنەوەی گرژییە نافەرمیەکان لەگەڵ ئیسرائیل و دابینکردنی هاندەرە ئابوورییە بەرفراوانەکان بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژە ئابوورییەکانی ئێرانی هێناوەتە بەرباس.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەروەها نووسیویەتی کە ئەمریکا لەم وتووێژانەدا جەختی لەسەر کەمکردنەوەی مەودای مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە.