سزای لە سێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، خەڵکی قوروە و لە گیراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بە ناوەکانی «ئەشکەن مالیکی» و «مێهرداد محەممەدینیا»، کە بە تۆمەتی «محاربە» (دژایەتیی خودا) لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، بە نهێنی لە بەندیخانەی «قزڵحەسار»ی کەرەج جێبەجێ کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی جۆزەردان، سزای لە سێدارەدانی ئەشکەن مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ مافی چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کرا. هەروەها مەترسیی لە سێدارەدانی هاودۆسیەیەکی دیکەیان بە ناوی «ئارمان مەعریفەتی»، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز، هێشتا لە ئارادایە. ئاژانسی هەواڵی «میزان»، سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، لە سێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردەوە. ئەشکەن مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ئارمان مەعریفەتی (تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی سەقز)، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، بە تۆمەتی «محاربە» سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو. دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئەم ناڕازییانەی بە تێکدان و ئاگرتێبەردانی «مزگەوتی جەعفەری» و «حەوزەی زانستیی ئیمام هادی» لە گەڕەکی «نەسڕ» (گیشا)ی تاران و تێکدانی موڵکی گشتی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا تۆمەتبار کردبوو. شایانی باسە، ئەو دوو زیندانییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیاندا لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوون و ئەو سزا قورس و دژە مرۆڤانەیەش لەژێر توندترین فشاری دەزگا ئەمنییەکان و لەسەر بنەمای «دانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشکەنجە» بەسەریاندا سەپابوو.