لە چوارچێوەی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای ئیلام هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی سێ رۆژدا لانیکەم 37 هاووڵاتی لە شارەکانی دێلران، دەرەشار و ئاودانان و کەسێکی دیکەش لە تاران دەستبەسەر کراون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، لە نێوان 20 تا 22ی بەفرانباری 1404 هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر و بە "تووندوتیژییەوە" هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان. لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندا چەندین مێردمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ هەن.
دابەشبوونی دەستگیرکراوەکان بەسەر شارەکاندا:
دێلران: زۆرترین رێژەی دەستگیرکردنی تێدا تۆمارکراوە کە 25 کەسن. لە نێویاندا ئارشیا جەوشن (17 ساڵ) و کوورۆش نووری (15 ساڵ) هەن. زۆربەی ئەم کەسانە دوای گواستنەوەیان بۆ بنکەی پۆلیسی دهلۆران، رەوانەی شاری ئیلام کراون و چارەنووسیان نادیارە.
دەرەشار: حەوت هاووڵاتی دەستبەسەر کراون، لەوانە: ئەبولفەزل قاسمی، ستار زەیدی، رەزا حەیدەری، سامان غوڵامی و شایان ئەسڵ مەرزی.
ئاودانان: پێنج کەس دەستگیرکراون، لەوانە ئومێد ناسری (37 ساڵ) و چوار مێردمنداڵی خوار 18 ساڵ بە ناوەکانی فەردین حاتەمی، رەزا خەسرەوی، محەممەدجەواد زارعی و ئەبولفەزل زارعی لە شارەدێی موورمووری.
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئاودانان بە ناوی ئیمان عەلیمورادی (33 ساڵ) لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستبەسەرکراوەکان لە مافی بینینی پارێزەر و پەیوەندیی تەلەفۆنی بەردەوام بێبەش کراون. باس لەوەش دەکرێت کە لە کوردستان، دەستگیرکراوەکان لە کاتی پەیوەندییە کورتەکانیاندا رێگرییان لێ دەکرێت بە زمانی کوردی (زمانی دایک) قسە بکەن و ناچار دەکرێن بە فارسی بدوێن.