لە هەنگاوێکی سیمبۆلین و گرنگدا، دەسەڵاتدارانی شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، یەکێک لە فەزا سەوز و پارکە گشتییەکانی ناوچەی «ڤینتەرهوودە»-یان بە فەرمی بە ناوی «پارکی ژینا ئەمینی» ناودێر کرد.
ئەم پارکە کە دەکەوێتە بەرانبەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناوچەیەکی سەوزی نێوان شەقامەکانی «هۆتڤاڵکەر» و «مینکوێزە» دەگرێتەوە. لە کۆتایی حەفتەی ڕابردوودا، تابلۆی فەرمیی پارکەکە هەڵواسران و بەمەش ناوی ئەو کچە کوردەی خەڵکی سەقز، وەک نیشانەیەکی هاوپشتی و یادکردنەوە لە ناوی شەقام و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەدا تۆمار کرا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕیارە لەسەر پێشنیاری دەزگا سیاسییەکانی ناوچەی «هامبۆرگ-نۆرد» و بە پەسەندکردنی کۆمیسیۆنی سێنای هامبۆرگ بۆ ناونانی شەقام و فەزا گشتییەکان دراوە. پێشتریش و لە ساڵی ٢٠٢٣دا، بەشێک لەم شوێنە وەک یادگارییەک بە ناوی «باخچەی ژینا» ناسێندرابوو، هەروەها لە مانگی مەیی ساڵی ٢٠٢٤یشدا، پەیکەرێکی بڕۆنزی تایبەت بە ناوی ژینا ئەمینی لە هەمان شوێندا پەردەی لەسەر لادرا.
جێگای ئاماژەیە، ژینا ئەمینی، تەمەن ٢٢ ساڵ، لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی گەشتی ئێرشادی تاران، گیانی لەدەست دا. مەرگی ئەو بووە هۆی هەڵگیرسانی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە کوردستان و سەرانسەری ئێران و لەئەنجامدا شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» سەری هەڵدا کە دەنگدانەوەیەکی جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا. ئێستا بە ناونانی ئەم پارکە، ناوی ژینا ئەمینی وەک هێمایەک بۆ ئازادیخوازی، لە نەخشەی شاری هامبۆرگیشدا نەخشێنرا.