دڵشاد هەورامی کەسایەتی و پێشمەرگەی دێرین و دیاری ناوچەی هەورامان داواکاریەک ئاراستەی هەموو هێزو لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵات دەکات و داوای ئەوە دەکات پێش ئەوەی درنگ بێت پەیمانی نیشتمانی واژوو بکەن ئەمەش دەقی داواکاریەکەیە
سڵاو لە هەموو ئەو کوردە دڵسۆزانەی کە خەمی خاک ونەتەوەیانە
وەک تاکێکی ئەم نیشتمانە،، وەکوو زمانحاڵی ترس و دوودڵی و گومانی کۆمەڵگایەکی چاوەڕوانی گۆڕان ئەم پەیامە بڵاو دەکەمەوە. مەبەست لێرەدا نە ڕەخنەگرتنە لە ڕابردوو و نە بێ هیوا کردنی خەڵکە لە داهاتوو، بەڵکو دەمەوێت پێش ئەوەی کارەسات بەسەرماندا دووبارە ببێتەوە، بۆ پاراستنی دواڕۆژمان تکایەک بکەم.
پەیامەکەم ڕووی لە سەرکردەکان و ئەندامانی هەمووحیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەو دەلیلەش کە خۆم ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم، پێش هەمووان بەردەنگم سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات و کەسی یەکەمی حیزب بەرێز کاک مستەفا هیجرییە و داوایان لێ دەکەم دەسپێشخەر بن و ئەم ئەرکە نیشتمانی و پێویستە ڕاپەڕێنن.
بەڕێزان، مێژووی ئێمە پڕە لە دەرفەتی زێڕین کە بە دەستی خۆمان و بە خەنجەری دووبەرەکێ و نفاق لەبارمان بردوون. مێژوونووسان دەڵێن، کورد هیچ کاتێک لە دەرەوە نەشکاوە ئەگەر پێشتر لە ناوەوە درزێکی تێ نەبووبێت.
هەر کاتێک دوژمن لاواز بووە، ئێمە لەبری ئەوەی یەک بگرین، بەرۆکی یەکترمان گرتووە. لە میرنشینەکانەوە و تەنانەت زۆر پێش ئەوانیشەوە، لە سەردەمی مادەکان و مەروانییەکان و شەدادییەکانەوە تا شەڕی ناوخۆی باشوور و ململانێی ساڵانی شەست لە ڕۆژهەڵات؛ تەنها براوە داگیرکەر بووە. خوێنی گەنجی کورد کە دەبوو بۆ ئازادی بڕژێت، بە درێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ لە شەڕی براکاندا بە فیڕۆ چووە.
دۆخی ئێستای تاران و ئەگەری گۆڕانکاری
ئەمڕۆ دۆخی ڕژێمی تاران لە هەموو کاتێک لەرزۆکترە. تێچووی ئەو کۆمەڵکوژییە کە جەلادی تاران خامنەیی لە کوردستان و هەموو ئێران کردوویەتی، بە دڵنییاییەوە کەوتن و ڕووخانی ڕژیمەکەیەتی. ڕووخانی ئەم سیستمە و دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر نزیک و ئەگەری هەرە بەهێزە. ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە نەتەوەیەک چەندین دەیە چاوەڕێی دەکات. بەڵام ڕابردووی پڕ لە عەیبە و شەڕم و کارەساتی براکوژی ئێمە، سەرلەنوێ ترسە گەورەکەی لە دڵی خەڵکەکەماندا ژیاندووەتەوە. ئەوان لە خۆ دەپرسن، ئاخۆ ئەمجارەش خوێنی منداڵەکانمان بە یەکتری دەڕێژن و لە یەکیان دەکەنەوە دوژمن؟ خەڵک دەپرسن: "ئایا کە حیزبەکان گەڕانەوە، شار و دێهاتەکانمان دەبنە مەیدانی تۆڵە کردنەوە و شەڕی یەکتری؟ ئایا دیسان تفەنگی برا سینگی برا دەدڕێت ؟"
لێرەوە داواتان لێ دەکەم، پێش ئەوەی بگەنەوە ناو خاکی نیشتمان، "پەیماننامەی نیشتمانیی حەرامکردنی براکوژی" واژۆ بکەن. داوا دەکەم بە فەرمی و لەبەردەم میللەتدا ڕایبگەیەنن کە: "شەڕی کورد دژی کورد، لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، تاوانێکی گەورە و خیانەتی نەتەوەییە."
پێش ئەوەی تاران بڕوخێت، پێش ئەوەی دەرفەتەکە بێتە پێش، ئێمە پێویستمان بە ڕێکەوتن و میساقێکی ئەخلاقی و سیاسی هەیە کە بە ڕوونی تێدا هاتبێت.
١. ڕشتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد، خیانەتێکی گەورەی نیشتمانییە و هەرگیز پاساو هەڵناگرێت.
٢. جیاوازی فکری و سیاسی، دەبێت لە پشت مێزی گفتوگۆ و لە سەر سندوقی دەنگداندا یەکلایی بکرێتەوە، نەک بە لولەی تفەنگ.
جیاوازیی بیروڕا چیتر نابێت ببێت بە هۆکاری ڕشتنی یەک دڵۆپ خوێن. مێژوو ڕەحممان پێ ناکات ئەگەر ئەمجارەش دەرفەتی ئازادی بەهۆی شەڕی خۆکوژییەوە بدۆڕێنن.
ئەم دڵنیاییە، کەمترین پاداشتە کە جووڵانەوەی رزگاریخوازی کورد دەتوانێت، بەرانبەر نیو سەدە هاوکاری و هاوپشتی بە میللەتەکەمانی بدات، هاوکاری و هاوپشتییەک کە ئاخرین نموونەیی بە دەنگەوە هاتنی بانگەوازی مانگرتی هەفت حیزبی کوردی بوو لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
داوا لە هەموو نیشتمانپەروەران، ڕۆشنبیران، نووسەران وبژاردەکانی کورد و هەموو کوردێکی دڵسۆز دەکەم؛ بێدەنگ مەبن! بە ڤیدیۆ، بە نووسین، بە هەڵوێست، هاندەر بن و . داوا بکەن کە پێویستە حیزبەکان بەرژەوەندی نەتەوە بخەنە سەرەوەی بەرژەوەندی حیزبی. بیریان بخەنەوە کورد دەوڵەتمەداری و پێکەوەژیانی دەوێت، نەک دووبارە بوونەوەی کارەساتەکان.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی هەموو ئەوشەهیدانە دادەنوێنم کە بە ئاواتی ئازادیی و سەربەستی کوردستانەوە سەریان نایەوە. پێویستە کە یەکگرتوو و هاودەنگ بین تا خوێنی ئەوان نەبێتە قوربانیی ململانێی ئێمە.