بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، پێشەوا چەمەنی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، پاش ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کرا، دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە کرا.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە، ناوبراو ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۳ی گەلاوێژ، دوای ئەوەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانی کرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشەوا چەمەنی لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەی لەژێر دەستبەسەریدا بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە و لەژێر گوشار و هەڕەشەی توندی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە.
ناوبراو پاش تێپەڕبوونی ڕۆژێک، لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژدا، بە دانانی بارمتە یان بەڵێنی تایبەت ئازاد کراوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی ناوبراو بە ڕوونی ئاشکرا نەکراوە.