بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی «مووسا زیباپوور»، لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی سەر بە شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران گیانی لەدەست دا.
سەرچاوە خۆجێییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو باوکی سێ منداڵ بووە و کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ، کاتێک لەگەڵ دەستەیەک لە کۆڵبەرانی دیکەدا بووە، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە کراوەتە ئامانجی فیشەکی هێزە چەکدارەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی «تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان»، سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا ڕەتیان کردووەتەوە تەرمی ئەو کۆڵبەرە بدەنەوە بە بنەماڵەکەی. شایانی باسە، مووسا زیباپوور پێشتریش لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠دا، لە سنووری «ماشەکان»ی پیرانشار لە کاتی تەقەکردنی هێزە چەکدارەکاندا بریندار بووبوو.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا، ئامارەکانی کوژرانی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، مەریوان، نەوسوود و سەوڵاوا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. بەپێی ئاماری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لەو ماوەیەدا لانیکەم حەوت کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە کوژراون.
تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بەم کردەوەیە و کوژرانی ئەم کۆڵبەرە نەداوە.