لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد بە زووترین کات پەیوەندییەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل لە سەرانسەری ئێراندا بگەڕێنێتەوە.
ئەو دەزگا نێونەتەوەییە داخستنی ئینتەرنێتی لە سەرتاسەری ئێران بە هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان دژی مافەکانی خەڵک ناوبرد.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری ئینتەرنێت نێتبلۆکس، ئینتەرنێتی ئێران لە ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە بە تەواوی داخراوە و ئەم دۆخە زیاتر لە ٦٠ کاتژمێر بەردەوام بووە.
کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، فۆلكەڕ تورک، نیگەرانیی قووڵی دەربڕی و داخستنی بە پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو توندوتیژییانە بهێنن.