بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، ڕاشد ئیمامی، هونەرمەندی کورد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، بە هاوکاریی هاوژینەکەی، شلێر مودیرزادە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری پاوە دەستبەسەر کراون.
سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێزەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاوژینە هونەرمەندە و دوای پشکنینی ماڵەکەیان، ناوبراوانیان دەستبەسەر کردووە. سەبارەت بە چارەنووسی ئەم دوو هاوژینە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکان ئەوانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە. هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە.
شایانی باسە ڕاشد ئیمامی پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بەهۆی چالاکییە هونەری و مەدەنییەکانییەوە تووشی گوشار و دەستبەسەرکردن ببوو. بنەماڵەی ئەم دوو هاوژینە نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە دۆخی تەندروستی و چارەنووسیان دەربڕیوە.