ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان، خەبات فەدایی، هونەرمەندی کورد و خەڵکی گوندی «بۆڕیەر»ی سەر بە شاری سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری یان فەرمانی دەستبەسەرکردن، لە بەردەم ماڵی ناوبراودا هێرشیان کردووەتە سەری و بە شێوازێکی توندوتیژ دەستبەسەریان کردووە.
خەبات فەدایی کە پێشتر لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوو، پاش دەستگیرکردنی لەلایەن ئەو هێزانەوە، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی کات،
تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی پاڵپێوەنراو و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی ناوبراو ناڕوونە؛ ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بەردەوامی بنەماڵە و کەسوکاری.