ژینا ئەحمەدی، هونەرمەند و دامەزرێنەری ماڵی مۆسیقای «ژیلەمۆ»، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم هونەرمەندە لە شاری مەریوان، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. ژینا ئەحمەدی کە خەڵکی گوندی «نگڵ»ـی سەر بە شاری مەریوانە، ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا، ئەم هونەرمەندە لە مافی سەرەتایی خۆی، وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادەکەی بێبەش کراوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ناوبراو کراوە، لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.