دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری ورمێ، سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەر شایان هۆشیار، نووسەر، لێکۆڵەری مێژوو و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی نەغەدەدا سەپاند.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم سزایە لەسەر بنەمای دوو تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات" و "پشتیوانیی میدیایی لە ئیسرائیل" دەرکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە ناوچەکەدا بە کەسایەتییەکی میانڕەو ناسراوە و بەردەوام دژی بیروباوەڕی توندڕەویی نەتەوەیی (پان-تورکیزم) هەڵوێستی هەبووە و جەختی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان، بەتایبەت بەرگریکردن لە مافی کوردانی پارێزگای ورمێ کردووەتەوە. مازیار شەمسنەژاد، پارێزەری دۆسیەکە، سەبارەت بەم حوکمە ڕایگەیاند کە شایان هۆشیار هیچ کردەیەکی توندوتیژی ئەنجام نەداوە و تەنیا بەهۆی ڕەخنە و شیکردنەوەکانییەوە ڕووبەڕووی ئەم سزایە بووەتەوە. شەمسنەژاد بە گومانەوە لەم بڕیارە دەڕوانێت و دەڵێت: "ئایا لە ئێراندا سنووری نێوان ڕەخنە و تاوانی ئەمنی بە تەواوی لەناوچووە؟" شایان هۆشیار، وێڕای ئەوەی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە سزادراوە، پێشتریش چەندین جار لەلایەن ڕەوتە توندڕەوەکانی نێو کۆمەڵگەی ئازەرییەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانی و مرۆییەکانییەوە ڕووبەڕووی هێرش و هەڕەشەی توند بووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، پارێزەری دۆسیەکە بڕیاریداوە تانە لەم حوکمە بدات و دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای سەرتر بکرێت. چاودێران ئەم بڕیارەی دادگا بە هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگە ئازادانە دەزانن کە بانگەشە بۆ پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە ناوچەکەدا دەکەن.