ماشێنی لەسێدارەدانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە گیانی زیندانییەکی ئەستاند. دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ڕای گەیاند کە حوکمی لەسێدارەدانی حوسێن پێدرام، ئەو زیندانییەی بە تۆمەتی هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل گیرا بوو، جێبەجێ کراوە.
دەسەڵاتی دادوەری بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێدرام زانیاریی سەبارەت بە شوێنە هەستیارە سەربازی و مووشەکییەکانی پارێزگای ئەسفەهان بە مۆساد داوە و ئەو زانیارییانە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بەکار هاتوون. ئەم تۆمەتانە و هەروەها «دانپێدانانی» گوماناویی حوسێن پێدرام لە لایەن دامەزراوەکانی حکوومەتەوە بڵاو کراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی سەربەخۆ سەبارەت بە شێوازی دەستبەسەرکردن، پرۆسەی لێپرسینەوە، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و مەرجەکانی بەدەستهێنانی دانپێدانانەکە بڵاو نەکراوەتەوە.