تا چەند ئەم وتەیە ڕاستە کە دەڵێت "کورد دۆستی نیە جگە لە چیاکان"؟
هیچ شتێک هێندەی دووبارەکردنەوەی قسەی ڕابردوو ئاسان نیە. ئەوە سادەترین هەڵسوکەوتە کە مرۆڤ بیکات و جاری وا هەیە باڵندەی تووتیش وەک خۆی دەیکاتەوە. لەبەر ئەوەی دووبارەکردنەوەی هەڵسوکەوتی پێش خۆ، سادەترین پرۆسەی هەندێک لە زیندەوەرانیشە نەک تەنها مرۆڤ. ئەم وتەیەش بەردەوام دەگووترێتەوە بێ ئەوەی کە بیخەینە ژێر پرسیارەوە. لە ڕاستیدا من لە منداڵیمدا ئەم وتەیەم نەبیستبوو. زیاتر پێدەچێت لەدوای ساڵانی نەوەد و ڕەوەکەوە هاتبێتە کایەوە. بەڵام دڵنیاش نیم لەوە، دەشێت کۆنتریش بێت. سەرەڕای ئەوە ئەم بابەتە بۆ یەکلاکردنەوەی مێژووی وتەکە نەنووسراوە.
ئەوەی کە بۆ ئەم نووسینە کورتە گرنگە، مانای وتەکەیە کە زۆر دەگووترێتەوە. ئایا مەبەست لە دۆست، دۆستی سیاسیە؟ لەبەر ئەوەی وتەکە ئاماژەیە بە کورد وەک نەتەوە تێیدا، دیارە مەبەست لێی دۆستی سیاسیە.
لە سیاسەتدا هەڵەیەکی گەورەیە کە وای دابنێین دۆستێکی هەمیشەیی هەیە. دۆست لەسیاسەتدا لەسەر بناغەی بەرژەوەندی بەپێی گۆڕانکاریەکان دێتە کایەوە. بۆ نموونە ئەگەر باشوور لەم سەرو سی ساڵەدا لەبری تۆخکردنەوەی سنووری دێگەڵە، سوپایەکی بەهێزی یەکگرتووی دروست بکردایە، ئەوا ئەمڕۆ لە ئاستی ناوچەکەدا دۆستی زیاترمان بۆ دروست دەبوو. لەبەر ئەوەی کە تۆ بەهۆی سوپاکەتەوە دەتوانیت کاریگەر بیت لە ئەگەری ڕووداوەکاندا. توانا و کاریگەریت دۆستت بۆ دروست دەکات و کاریگەریش مەرج نیە هەر سوپا بێت. دیارە بە دڵنیایی دوژمنیشیت بۆ دروست دەکات.
دۆست هەمیشە لە گۆڕاندایە و لەم سەردەمەدا کە گۆڕانکاریەکان خێران. لە ئەنجامدا گۆڕینی دۆستەکانیش هەندێک جار خێران. سعودیە و میسر لە ڕابردوودا دژی ئیسرائیل بوون، ئەمڕۆ دۆستی ئیسرائیلن لەبەر ئەوەی کە بەرژوەندی وا دەخوازێت. هەر لەبەر ئەوەیە کە گوێت لێ دەبێت هەندێک پیاوی سعودی ئایەتی قورئانیش دەهێننەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی مافی جوو لە ئیسرائیلدا. ئەوانەی کە لە ئاستی نێو دەوڵەتیشدا داکۆکی لە غەزە دەکەن، بەشێکی زۆری بەرژەوەندیەکی هاوشێوەیە.
جگە لەوەی لەو ڕووەوە کە ئاماژەم پێکرد وتەکە هەڵەیە، بەڵام کێشەیەکی تریشی هەیە. وتەکە لە هزرێکی ناکارا و داماویەوە سەرچاوەی گرتووە. لەبەر ئەوەی جۆرێک لە بێ دەسەڵاتی کورد دەخاتە ڕوو هەر بۆیە من دەیگەڕێنمەوە بۆ سەردەمی ڕەوەکە و دڵنیاش نیم کە وتەکە بنەچەکەی کوردی بێت. ڕەوەکە خەڵکی کوردی فێری هزری داوای بەزەیی جیهانی کرد و ئەو بەزەییە کرا بە جۆرێک لە هەڵسوکەوتی گشتیی کوردیی ناکارا. هەڵسوکەوتێک کە لەگەڵ کاراکتەری کوردیی مێژوویدا یەکناگرێتەوە. کورد نەتەوەیەکی کۆڵنەدەر بووە و هەمیشە ئەو گەڕۆکانەی هاتوونەتە ناوچەکە، ڕۆحێکی ئازاد و خاوەن خۆیان تۆمار کردووە. بەڵام وتە نامۆکە بەکورد، وای لێ دەکات کە لە هزریدا چاوەڕوانی فریادڕەسێکی دەرەکی بێت وەک لەوەی کە بڕوای بەخۆی بێت و خۆی بە بناغەی گۆڕانکاری دابنێت و خاوەن لەغاوی چارەنووسی خۆی بێت.
من وردەکاری سەردەمی شەڕی کۆبانیم زۆر باش بیرە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی جیهانیش بەدەوایدا گووتیان بەداخەوە کۆبانی دەگیرێت. بەڵام کورد لەوێ کوردە ڕاستەقینە خاوەن خۆکە بوو. چاوەڕوانی دۆست و بەزەییەکی دەرەوەی چیاکان نەبوو کە ڕزگاری بکات. ئەوان گووتیان ئێمە بەرگری لە خاک و شارەکەمان دەکەین. لە کاتێکدا لەو کاتەدا کە ئەوەیان گووت، ئەوان لەسەدا ٢٠ ی شارەکەیان بەدەستەوەبوو و داعش مرۆڤایەتی تۆقاندبوو. ئەوە بوو بە خاڵێکی کاریگەر و وەرچەرخان و جیهانی شەرمەزار کرد کە ناکارایانە بەرامبەر ئەو ڕووداوە بووەستێت. ئەو سووربوون و بڕوا بە خۆبوون و خاوەندارێتیە لە خۆ و چارەنووسی خۆ، دۆست و هاوکاری هێنایە کایەوە.
لەبەر ئەوە کاتی ئەوە هاتووە، ئەم وتەیە بگۆڕین و چیتر بەکارینەهێنین. وتەکە جگە لەوەی کە هەڵەیە، خۆمان ناکارا و نابەرپرس دەکات بەرامبەر بە کێشەی خۆمان. هەروەک چۆن کۆمەڵێک چەند ساڵێک لەمەوبەر دەیانگووت تیمێکی فەرەنسی و ئەمریکی خەریکی دروستکردنی سنوورەکانی دەوڵەتی کوردین. وەک ئەوەی دەوڵەتی کوردی پانتۆڵێک بێت و بەرگدروویەک بۆمانی بدوورێت. چاوەڕوان کرابووین لە ئاسمانەوە فریادڕەسێک بێت و کوردستانێکی خەیاڵی و خۆشمان بۆ دروست بکات. چاوەڕوانکردنی دۆستێک و دانیشتن بۆ ئەوەی کە گۆڕانکاری ڕوو بدات، کارێکی بێ مانایە. هەروەها دەمانخاتە زیهنیەتی ئەوەی کە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی چارەنووسی خۆمان نا بەرپرس بین و چاوەڕوان بین کە خەڵک (دۆستەکەی دەرەوەی چیاکان) بێن ڕزگارمان بکەن.
لەبەر ئەوە کاتی ئەوە هاتووە لەبری ئەو وتە باوە هەڵە و نەگونجاوەی کە لە بەرپرسیارێتی و خاوەندارێتی لەخۆ دامان دەبڕێ، بڵێین "جگە لە چیاکان دۆستی تریشمان زۆر دەبێت گەر خۆمان یەکگرتوو و تێکۆشەر و کۆڵنەدەر بین."
ئەوە زمانی خۆیی بوون و بەرپرسیارێتی و خاوەندارێتیە لە چارەنووس و داهاتووی خۆ نەک چاوەڕوانکردنی دۆستێک لە دەرەوەی چیاکان و کوڕوزانەوە بۆ داماوی خۆمان و هەوڵی جوڵانی بەزەیی جیهان!